کوردستان

01:51 - 03/11/2019

توركیا جارێكى دیكه‌ له‌سه‌ر بایكۆت هۆشدارى به‌ هه‌رێم ده‌دات‌

حكومه‌تى توركیا جارێكى دیكه‌ په‌یوه‌ندى به‌ هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ ده‌كات و هۆشداریده‌دات له‌ ئه‌گه‌رى به‌رده‌وامى بایكۆتى كاڵاى توركى، به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر لە ماوەی مانگێکدا هاورده‌ى توركیا بۆ هه‌رێمى كوردستان ٤٠٪ دابه‌زیوه‌.

جارێكى دیكه‌ په‌یوه‌ندى ده‌كه‌ن

به‌پێى ئه‌و زانیارییانه‌ى له‌سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگاداره‌وه‌ ده‌ست په‌یسه‌ر پرێس كه‌وتوون، توركیا فشاره‌كانى چڕكردووه‌ته‌وه‌ بۆ كۆتاییهێنان به‌و بایكۆته‌ى له‌سه‌ر كاڵاى توركی هه‌یه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان، به‌رپرسانى توركیا په‌یوه‌ندییان به‌ نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ كردووه‌و رایانگه‌یاندووه‌، هه‌نارده‌ى توركیا بۆ هه‌رێمى كوردستان ٤٠٪كه‌میكردووه‌و پێویسته‌ ئه‌و هه‌ڵمه‌تى بایكۆته‌ى ده‌ستیپێكردووه‌ كۆتایى پێبهێندرێت.

ئه‌مه‌ دووه‌م جاره‌ له‌ماوه‌ى دوو هه‌فته‌دا، توركیا به‌فه‌رمى نیگه‌رانى خۆى به‌ هه‌رێمى كوردستان ده‌گه‌یه‌نێت، له‌ بایكۆتكردنى كاڵاى توركى له‌ بازاڕه‌كانى هه‌رێم.
 
ترسى ئه‌نقه‌ره‌ له‌به‌رده‌وامى بایكۆت

حكومه‌تى توركیا له‌ په‌یامه‌كه‌یدا هۆشداریداوه‌ له‌ ئه‌گه‌رى به‌رده‌وامى بایكۆتى كاڵاى توركیا، ئه‌نقه‌ره‌ ترسى له‌وه‌ هه‌یه‌ ئه‌م بایكۆته‌ به‌ هه‌میشه‌یى بازاڕى كاڵاى توركیا دابخات. قه‌باره‌ى بازرگانى هه‌رێمى كوردستان و توركیا، ١٢ملیار دۆلارى ساڵانه‌یه‌، ئه‌گه‌ر له‌ مانگێكدا سه‌دا ٤٠ دابه‌زیبێت ئه‌وا هاورده‌ى توركیا بۆ هه‌رێم، نزیكه‌ى ٤٠٠ ملیۆن دۆلار دابه‌زیوه‌ له‌و ماوه‌دا. له‌ كاتێكدا هه‌ڵمه‌تى بایكۆته‌كه‌ مانگێك كه‌متره‌ ده‌ستیپێكردووه‌.

ئیداره‌ى سلێمانى ئاگاداركراوه‌

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر، توركیا فشارى زیاترى له‌سه‌ر به‌رپرسانى پارتى درووستكردووه‌، بۆئه‌وه‌ى هه‌وڵه‌كانیان چڕبكه‌نه‌وه‌ بۆ شكاندنى بایكۆت، له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا ئیداره‌ى سلێمانى ئاگاداركراوه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌ دامه‌زراوه‌ حكومییه‌كان به‌فه‌رمى مۆڵه‌ت به‌ هه‌ڵمه‌تى بایكۆتى كاڵاى توركى نه‌درێت. به‌وپێیه‌ى هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ زۆرتر له‌ سنورى سلێمانییه‌، له‌هه‌فته‌ى رابردووه‌وه‌ له‌دواى بانگهێشتى مه‌سرور بارزانى بۆ توركیا له‌ سنورى هه‌ولێر، رێگرى له‌ هه‌ڵمه‌تى ئاشكراى بایكۆتى كاڵاى توركى ده‌كرێت.

چه‌ند رێگایه‌ك

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر، بیر له‌چه‌ند رێگایه‌ك كراوه‌ته‌وه‌ بۆ شكاندنى بایكۆتى كاڵاى توركیا، به‌رپرسانى هه‌رێم كار بۆئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كۆتایى به‌ بایكۆته‌كه‌ بهێندرێت و ئه‌مه‌ دووه‌م جاره‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تى ئه‌نقه‌ره‌وه‌ به‌فه‌رمى ئاگادار ده‌كرێنه‌وه‌، هه‌رێمى كوردستان له‌ نیگه‌رانى توركیا تێگه‌یشتووه‌. ئه‌نقه‌ره‌ ترسى هه‌یه‌ كاڵاى وڵاتێكى دیكه‌ به‌ هه‌میشه‌یى جێگه‌ى بازاڕى توركیا بگرێته‌وه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان.

یه‌كێك له‌و رێگایانه‌ى كه‌ به‌رپرسانى هه‌رێم لێیه‌وه‌ هه‌وڵ بۆ كاڵكردنه‌وه‌ى بایكۆت ده‌ده‌ن، به‌جۆرێكه‌ ده‌یانه‌وێت واى وێنا بكه‌ن، كه‌ بایكۆت زیان به‌ كوردانى باكورى كوردستان ده‌گه‌یه‌نێت و ئه‌و كاڵایانه‌ى كه‌ توركیا له‌ناوچه‌ توركییه‌كان به‌رهه‌مى ده‌هێنێت، بۆ ئه‌وروپاو وڵاتانى ره‌وانه‌ ده‌كات و به‌رهه‌مى باكورى كوردستان ره‌وانه‌ى باشورى كوردستان ده‌كرێت.

رێگاى دووه‌م كه‌ بۆ شكاندنى بایكۆت بیرى لێكراوه‌ته‌وه‌، وروژاندنى زیانى كوردو "له‌ده‌ستچوونى چه‌ندین هه‌لى كارى كورده‌كانه‌ كه‌ به‌هۆى بایكۆته‌وه‌ دووچارى بوون"، واته‌ ده‌یانه‌وێت له‌رێگه‌ى میدیاكانه‌وه‌ ئه‌و پرسه‌ بوروژێنن، كه‌ بایكۆتى كاڵاى توركیا وایكردووه‌ چه‌ندین كورد، كاره‌كانیان له‌ده‌ست بده‌ن و چه‌ندین كه‌س بێكاربن.

رێگاى سێیه‌م كه‌ بۆشكاندنى بایكۆت بیرى لێكراوه‌ته‌وه‌، دابه‌زاندنى نرخى كاڵاى توركییه‌ تا جێگه‌ى كاڵاى وڵاتانى دیكه‌ بگرێته‌وه‌و خه‌ڵكى رووى تێبكاته‌وه‌و ركابه‌رى كاڵاى وڵاتانى دیكه‌ بكات.

ئه‌نقه‌ره‌ گرنگى زۆر به‌ قه‌باره‌ى ئاڵوگۆڕى بازرگانى خۆى ده‌دات له‌گه‌ڵ وڵاتان، هه‌رێمى كوردستان بازاڕێكى گه‌وره‌ى ساغكردنه‌وه‌ى كه‌لوپه‌له‌كانیه‌تى، یه‌كێك له‌ ئامانجه‌كانى توركیا له‌ په‌لاماردانى رۆژئاواى كوردستان كردنه‌وه‌ى ده‌روازه‌ى ئۆڤاكۆى بوو تا چیتر ئیبراهیم خه‌لیل ته‌نها ده‌روازه‌ى نه‌بێت له‌گه‌ڵ عێراق. به‌ڵام به‌پێى ئه‌و رێككه‌وتنانه‌ى بۆ ناوچه‌ى ئارام كراوه‌، ناوچه‌كانى توركیا ناگه‌نه‌وه‌ سنورى عێراق و دوورن.