کوردستان

02:23 - 03/11/2019

نێچیرڤان بارزانى بۆ سێ ته‌وه‌ر ده‌یه‌وێت لایه‌نه‌كان كۆبكاته‌وه‌‌

پەیسەر پرێس

نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، ده‌یه‌وێت كۆبوونه‌وه‌یه‌كى دیكه‌ له‌سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم بۆ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان رێكبخات، سه‌باره‌ت به‌ دۆخى عێراق، تائێستا یه‌كلانه‌بووه‌ته‌وه‌ كه‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ ده‌كرێت یاخود نا به‌هۆى گرژییه‌كانى نێوان یه‌كێتى و پارتی-یه‌وه‌.

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌رپرێس، نێچیرڤان بارزانى لایه‌نه‌كانى ئاگاداركردووه‌، كه‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌ك له‌سه‌ر ره‌وشى عێراق بكه‌ن له‌ سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم، سه‌رۆكى هه‌رێم بۆ سێ ته‌وه‌ر كۆبوونه‌وه‌كه‌ رێكده‌خات، یه‌كه‌میان باسكردنه‌ له‌ هه‌موارى ده‌ستوورو هه‌ڵوێستى كورد، دووه‌میش هه‌ڵوێستى كورد سه‌باره‌ت به‌پرسى گۆڕینى سه‌رۆك وه‌زیران، ته‌وه‌رێكى دیكه‌ كه‌ ده‌یه‌وێت له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان باسى بكات، كاركردنه‌ بۆ نه‌گواستنه‌وه‌ى خۆپیشاندانه‌كان  بۆ هه‌رێمى كوردستان و ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان. 

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر، به‌هۆى ئه‌و گرژییانه‌ى له‌نێوان یه‌كێتى و پارتى دروستبوون، تائێستا یه‌كێتى وه‌ڵامى ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ى نێچیرڤان بارزانى نه‌داوه‌ته‌وه‌ بۆ كۆبوونه‌وه‌كه‌، بۆیه‌ تائێستا دیارنییه‌ كه‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ ده‌كرێت یاخود نا.

یه‌كێتى و پارتى چه‌ند رۆژێكه‌ نێوانیان تێكچووه‌و گوته‌بێژى هه‌ردوو حزب، له‌ كۆنگره‌ى رۆژنامه‌وانى جیادا وه‌ڵامى یه‌كدییان دایه‌وه‌، سه‌رۆكى دیوانى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانیش وه‌ڵامى گوته‌كانى گوته‌بێژى یه‌كێتى دایه‌وه‌.