کوردستان

01:45 - 04/11/2019

كۆسره‌ت ره‌سوڵ په‌یامێك بۆ پارتى ده‌نێرێت‌

پەیسەر پرێس

باڵى كۆسره‌ت ره‌سوڵ، په‌یامێك ئاڕاسته‌ى پارتى دیموكراتى كوردستان ده‌كه‌ن و رایده‌گه‌یه‌نن، كه‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌ى گوته‌بێژى فه‌رمى یه‌كێتى نیشتیمانیى كوردستان بێ ئاگادار ئه‌وان بووه‌و ئه‌وان له‌ ئه‌داى حكومه‌ت ناڕازى نین.

به‌پێى ئه‌و زانیارییانه‌ى ده‌ست په‌یسه‌ر پرێس كه‌وتوون، له‌نێو یه‌كێتى بۆچوونى جیاواز هه‌یه‌ سه‌باره‌ت هه‌ڵوێست وه‌رگرتن به‌رامبه‌ر پارتى و باڵى كۆسره‌ت ره‌سوڵ له‌گه‌ڵ كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌ى گوته‌بێژى یه‌كێتى نه‌بوون، كاتێك رایگه‌یاند، پارتى رێككه‌وتنه‌كان جێبه‌جێناكات و نیگه‌رانن له‌ پارتى.

هه‌ربه‌پێى زانیارییه‌كان باڵى كۆسره‌ت ره‌سوڵ په‌یوه‌ندییان به‌پارتییه‌وه‌ كردووه‌و رایانگه‌یاندووه‌، كه‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌ى له‌تیف شێخ عومه‌ر بێ ئاگادارى ئه‌وان كراوه‌و بۆچوونى هه‌موو یه‌كێتى نییه‌. کۆنگرە رۆژنامەوانییەکە نە لەمەکتەبی سیاسی بڕیاری لێدراوە نە لە سەرکردایەتی یەکێتی.

له‌تیف شێخ عومه‌ر گوته‌بێژى یه‌كێتى رۆژى ٣١ی مانگى رابردوو كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانى ئه‌نجامداو گوتى:"زۆر نیگەرانین لەرێككەوتنەكەمان لەگەڵ پارتی، بەشی زۆری رێككەوتنەكە جێبەجێنەبووە، ئەوەشی جێبەجێكراوه‌ تێبینمان لەسەری هەیە، بەناوی یاریدەدەرەوە حكومەتێكی بچوك دروستكراوە". 

دوورۆژ دواتر مه‌حمود محه‌مه‌د گوته‌بێژى پاتى وه‌ڵامى گوته‌بێژى یه‌كێتـى دایه‌وه‌و جێبه‌جێنه‌كردنى رێككه‌وتنه‌كانى خسته‌ ئه‌ستۆى یه‌كێتى و گوتى كاندیدیان ئاماده‌ نه‌بووه‌، دواتر له‌تیف شێخ عومه‌ر گوته‌بێژى یه‌كێتى وه‌ڵامى ئه‌و گوتانه‌ى دایه‌وه‌و گوتى، پارتى كاندیدێكى ئه‌وانى قبوڵنه‌كردووه‌.