کوردستان

09:40 - 06/11/2019

ئامانجی كۆبوونه‌وه‌ی جڤاتی گشتی و نیشتیمانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان‌

پەیسەر پرێس

بڕیاروایه‌ سبه‌ینێ پێنجشه‌ممه‌ كۆبوونه‌وه‌ی جڤاتی گشتی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ئه‌نجامبدرێت و رۆژی شه‌ممه‌ كۆبوونه‌وه‌ی جڤاتی نیشتیمانی، ئه‌ندامێكی خانه‌ی راپه‌ڕاندنیش ده‌ڵێ، ئامانجی  كۆبوونه‌وه‌كان، باسكردنی‌ قۆناغه‌كانی چاكسازییه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان، هه‌روه‌ها مه‌ترسییه‌كانی به‌رده‌م كوردو هه‌مواری ده‌ستور تاوتوێ ده‌كرێت.

عه‌دنان عوسمان ئه‌ندامی خانه‌ی راپه‌ڕاندنی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌ په‌یسه‌ری راگه‌یاند: كۆبوونه‌وه‌ی سبه‌ینێی جڤاتی گشتی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، تاوتوێكردنی  دۆخی نوێی عێراق و هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت، باس له‌و ئاڵنگارییانه‌ ده‌كرێت، كه‌ رووبه‌ڕووی هه‌رێمی كوردستان ده‌بنه‌وه‌.

گوتیشی: ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه،‌ قسه‌كردن ده‌بێت له‌سه‌ر هه‌نگاوه‌كانی چاكسازی له‌ هه‌رێمی كوردستان.

عه‌دنان عوسمان پێی وایه‌ كه‌ ده‌بێت په‌له‌بكرێت له‌ ئه‌نجامدانی چاكسازی له‌ هه‌رێمی كوردستان و چاكسازییه‌كه‌ش ته‌نها له‌ موچه‌كه‌دا كورت نه‌كرێته‌وه‌.

ئه‌ندامه‌كه‌ی خانه‌ی راپه‌ڕاندن ده‌ڵێ" پێویسته‌ له‌ رێی چاكسازییه‌وه‌ هه‌لی كار بڕه‌خسێنرێت و چاكسازییه‌كه‌ی گشتگیرو هه‌مه‌لایه‌نه‌ ئه‌نجام بدرێت".

له‌باره‌ی كۆبوونه‌وه‌ی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانیشه‌وه‌، عه‌دنان عوسمان ده‌ڵێ" كار له‌سه‌ر رێنمایی و وه‌ره‌قه‌ی كۆبوونه‌وه‌ی جڤاتی گشتی ده‌كرێت، كه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی سبه‌ینێ دوای تاوتوێكردنی دۆخی عێراق و هه‌رێم، ئاڕاسته‌ی جڤاتی نیشتیمانی ده‌كرێت".

له‌باره‌ی دۆخی عێراق و خۆپیشاندانه‌كان و ره‌ئی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، عه‌دنان عوسمان ده‌ڵێ" ئێمه‌ له‌گه‌ڵ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی داوا ره‌واكانی خۆپیشانده‌رانین، پشتگیری هه‌ر هه‌نگاوێك یان گۆڕانكارییه‌ك ده‌كه‌ین كه‌ به‌ ئاڕاسته‌ی چاكسازی و وه‌ڵامدانه‌وه‌ی داواكانی شه‌قام بێت له‌ عێراق".