کوردستان

11:23 - 07/11/2019

بۆچوونى به‌رهه‌م ساڵح و نێچیرڤان بارزانى سه‌باره‌ت به‌هه‌موارى ده‌ستوور‌

پەیسەر پرێس

له‌كۆبوونه‌وه‌ى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌و سه‌رۆك كۆمار كه‌ له‌هه‌ولێر به‌ڕێوه‌چوو، به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆمارى عێراق، داوایكردووه‌ كه‌ كورد له‌ لیژنه‌ى هه‌موارى ده‌ستوور بمێنێته‌وه‌ بۆئه‌وه‌ى رێگه‌بگرن له‌ تێپه‌ڕینى هه‌ر مادده‌یه‌ك دژ به‌كورد و ئاگادارى گۆڕانكارییه‌كان بن.

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌رپرێس، له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سه‌ره‌تا نێچیرڤان بارزانى و شاندى پارتى، گوتوویانه‌  كه‌ كورد نابێت رازى بێت به‌هه‌موارى ده‌ستوور، نابێت بچینه‌ ژێر بارى هه‌موارى ده‌ستوور، به‌ڵام به‌رهه‌م ساڵح بۆچوونێكى دیكه‌ى هه‌بووه‌.

به‌رهه‌م ساڵح رایگه‌یاندووه‌، ئه‌وه‌نده‌ى ئه‌و ئاگادارى دۆخه‌كه‌یه‌، دڵنیایه‌ له‌وه‌ى ده‌ستوور ده‌ستكارى ده‌كرێت و هه‌موار ده‌كرێته‌وه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ ئه‌ندامه‌ كورده‌كانى لیژنه‌ى هه‌مواركردنه‌وه‌ى ده‌ستوور له‌ لیژنه‌كه‌ بمێننه‌وه‌و كارى خۆیان بكه‌ن، بۆئه‌وه‌ى كورد ئاگادارى ورده‌كارى گۆڕینى ئه‌و ماددانه‌ بێت كه‌ كار له‌سه‌ر هه‌مواركردنه‌وه‌ى ده‌كرێت و رێگه‌ بگرن له‌هه‌ر مادده‌یه‌ك كه‌ زیان به‌هه‌رێمى كوردستان ده‌گه‌یه‌نێت.

دواى ئه‌و روونكردنه‌وانه‌ى به‌رهه‌م ساڵح، نێچیرڤان بارزانى بۆچوونى سه‌باره‌ت به‌هه‌موارى ده‌ستوور نه‌رمتربووه‌. دواتریش له‌ راگه‌یه‌ندراوى كۆتایى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، ئاماژه‌ به‌وه‌نه‌كرابوو كه‌ كورد به‌هیچ جۆرێك به‌ هه‌موارى ده‌ستوور رازى نییه‌، به‌ڵكو ئاماژه‌ به‌وه‌كرابوو، كه‌ نابێت هه‌موارى ده‌ستوور زیان به‌پێگه‌ى هه‌رێمى كوردستان بگه‌یه‌نێت.