کوردستان

04:46 - 10/11/2019

پارتى و یه‌كێتى پۆسته‌كانى كورد له‌ به‌غدا كۆنتڕۆڵ ده‌كه‌ن‌

پەیسەر پرێس

ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى عێراق ٢٢ی مانگى رابردوو، كاندیدى ٦٤ پۆستى بریكارى وه‌زیر و به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى و سه‌رۆك ده‌سته‌ى ره‌وانه‌ى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران كرد بۆئه‌وه‌ى دابمه‌زرێن، له‌و پۆستانه‌ى كه‌ پشكى كوردن، كاندیده‌كانى یه‌كێتى و پارتى ره‌وانه‌كراون و حزبه‌كانى دیكه‌ له‌ پۆسته‌كان بێبه‌شكراون.

به‌پێى لیسته‌كه‌ى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران ٦٢ كه‌س ئه‌و پۆسته‌ باڵایانه‌ وه‌رده‌گرن، ئه‌وانه‌ى به‌ر كورد كه‌وتوون به‌ یه‌كێتى و پارتى دراون، هاوكات ١٢ به‌رپرسى باڵا هه‌واڵه‌ى خانه‌نشینكردن كراون كه‌ به‌شێكیان كوردن.

ئه‌حمه‌دى حاجى ره‌شید ئه‌ندامى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق بۆ په‌یسه‌ر گوتى، ئه‌و لیسته‌ له‌ گه‌رمه‌ى خۆپیشاندانه‌كان ره‌وانه‌ى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌ران كراوه‌، به‌شێك له‌و كه‌سانه‌ خۆیان پێشتر له‌و پۆستانه‌بوون به‌ وه‌كاله‌ت، ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد له‌و كوردانه‌ى له‌نێو لیسته‌كه‌دان به‌ر یه‌كێتى و پارتى كه‌وتوون و كاندیدى حزبه‌كانى دیكه‌ى تێدانییه‌، چونكه‌ به‌گوته‌ى ئه‌و، حزبه‌كانى دیكه‌ پێشتریش هه‌ر پۆستیان نه‌بووه‌و ئه‌و پۆستانه‌ لاى یه‌كێتى و پارتى بوون.