کوردستان

04:16 - 11/11/2019

به‌هۆى ناكۆكییه‌وه‌ مه‌كته‌بى سیاسى پارتى نه‌یتوانى كۆببێته‌وه‌‌

پەیسەر پرێس


به‌هۆى ناكۆكییه‌ ناوخۆییه‌كانه‌وه‌، بۆ دووه‌م جار مه‌كته‌بى سیاسى پارتى دیموكراتى كوردستان نه‌یتوانى كۆببێته‌وه‌، له‌كاتێكدا له‌كۆبوونه‌وه‌ى رابردووى لایه‌نه‌كان له‌ سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم، بڕیاردرا كه‌ سه‌ركردایه‌تى هه‌رلایه‌نێك له‌ناوخۆى كۆببێته‌وه‌، كه‌سه‌ نزیكه‌كانى نێچیرڤان بارزانى پێیان وایه‌ بڕیاره‌كان له‌ مه‌كته‌بى سیاسى پارتى نادرێن، مه‌سعود بارزانیش بێلایه‌نى هه‌ڵبژاردووه‌.

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر پرێس، بۆ دووه‌م جاره‌ كۆبوونه‌وه‌ى مه‌كته‌بى سیاسى به‌ڕێوه‌ناچێت هه‌رچه‌نده‌ بڕیارى لێده‌درێت، له‌ سێ رۆژى رابردوودا پارتى نه‌یتوانى له‌سه‌ر ئاستى مه‌كته‌بى سیاسى كۆببێته‌وه‌، به‌رپرسه‌ نزیكه‌كانى مه‌سرور بارزانى ره‌خنه‌ى ئه‌وه‌ده‌گرن كه‌ ژماره‌یه‌ك ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سیاسى ده‌وام ناكه‌ن و نایه‌نه‌ كۆبوونه‌وه‌كان و مه‌كته‌بى سیاسى به‌ شه‌رعى نازانن، بۆیه‌ پێویسته‌ مه‌كته‌بى سیاسى كۆبوونه‌وه‌ى خۆى بكات و بڕیارى خۆى بدات.

له‌دواى پێكهێنانى حكومه‌ته‌وه‌، هه‌ژموونى نێچیرڤان بارزانى له‌نێو حكومه‌ت و حزبیش كه‌م بووه‌ته‌وه‌، ئه‌وه‌ش كاریگه‌رى هه‌بووه‌ له‌سه‌ر ناوخۆى پارتى، به‌رپرسه‌ نزیكه‌كانى نێچیرڤان بارزانى ده‌ڵێن، بڕیاره‌ گرنگه‌كان له‌ مه‌كته‌بى سیاسى نادرێن،  نه‌ بۆ دیاریكردنى كاندیده‌كان، نه‌ بۆ ناردنى شاند بۆ به‌غدا، نه‌ بۆ داڕشتنى سیاسه‌تى حكومه‌ت و په‌رله‌مان، نه‌ بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ى چاره‌نوسى فواد حسین، له‌ مه‌كته‌بى سیاسى بڕیارنادرێت، بۆیه‌ چه‌ند رۆژێكه‌ ده‌وامیان نه‌كردووه‌.

سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵوێستى مه‌سعود بارزانى به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر، تائێستا بێلایه‌نى هه‌ڵبژاردووه‌ له‌نێوان ئه‌و دوو گروپه‌ ناكۆكه‌ى پارتیدا و چاوه‌ڕێیه‌ خۆیان بگه‌نه‌ لێكتێگه‌یشتن و لایه‌ندارى بۆ هیچ لایه‌كیان ده‌رنه‌بڕیوه‌ له‌سه‌ر ئه‌و كێشانه‌.