کوردستان

03:52 - 12/11/2019

دانەگاز: قازانجەکانمان لە هەرێمی کوردستان زۆر زیادیکردووە‌

پەیسەر پرێس

کۆمپانیای دانەگازی ئیماراتی ئاشکرایکرد: لە نۆ مانگی ئەمساڵدا، داهاتیان لە هەرێمی كوردستان و وڵاتی میسر بە ڕێژەی 16.7% زیادیکردووە كە تێکڕا دەكاتە 230 ملێۆن دۆلار.
 پاتریك ئالمان وارد بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیای دانەگاز ئاماژەی بەوەداوە کە هۆكارەكانی سەركەوتنی كۆمپانیاكەیان لە هەرێمی كوردستان، بۆ ئەدای كاركردن و بەرزكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت و گاز  دەگەڕێتەوە. هەروەها حكومەتی هەرێمی كوردستان هاوكاری سەرەكییان بووە لەو بەرەوپیشچوونانەدا.
بەگوێرەی لێدوانی بەرپرسانی دانەگاز، كۆمپانیای (بێرل پترولیوم) كار دەكات بۆ ئەوەی لە كێڵگەکانی گازی سروشتیی هەرێمی كوردستان، ئاستی بەرهەمهێنان بباتە سەرەوە. بۆ ئەو مەبەستەش لە كیڵگەكانی –کۆرمۆر- و – چەمچەماڵ دەستیان بەكار كردووە.
سەرەتای ئەمساڵ دانەگاز رایگەیاند: ساڵی رابردوو لەگەڵ هاوبەشەکانیان 322 ملیۆن دۆلاریان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەرگرتووە و ئێستا هیچ مافێکی داراییان لەسەر هەرێم نەماوە.
پێشتر دانەگاز رایگەیاندبوو: تا سێ ساڵی داھاتوو قەبارەی بەرھەمھێنانی غازی هەرێمی کوردستان بۆ 500 ملیۆن مەترسێجا بەرز دەکاتەوە. هەروەها لە رۆژێکدا قەبارەی بەرھەمھێنانی پێکهاتە نەوتییەکان 10 تا 12 ھەزار بەرمیل بەرز بکەنەوە.