کوردستان

04:28 - 12/11/2019

زانیارییه‌كان سه‌باره‌ت به‌ دامه‌زراندنى فه‌رمانبه‌رانى گرێبه‌ست‌

پەیسەر پرێس


سبه‌ینێ په‌رله‌مانى كوردستان، خوێندنه‌وه‌ى یه‌كه‌م بۆ پرۆژه‌بڕیارى به‌ هه‌میشه‌ییكردنى فه‌رمانبه‌رانى گرێبه‌ست ده‌كات، به‌پێى زانیارییه‌كانى لێكتێگه‌یشتنێك له‌نێوان حكومه‌ت و په‌رله‌مان هه‌یه‌ بۆ دامه‌زراندنى گرێبه‌سته‌كان، په‌رله‌مان دواى خوێندنه‌وه‌ى یه‌كه‌م پرۆژه‌كه‌ ره‌وانه‌ى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ده‌كات.

ئه‌و پرۆژه‌یاساو بڕیارانه‌ى ره‌هه‌ندى داراییان هه‌یه‌، ده‌بێت په‌رله‌مان ره‌زامه‌ندى حكومه‌تى بۆ وه‌ربگرێت. ئاشنا عه‌بدوڵا ئه‌ندامى په‌رله‌مانى كوردستان له‌ فراكسیۆنى گۆڕان، به‌ په‌یسه‌ر پرێس-ى راگه‌یاند، ئه‌وان هه‌موو هه‌وڵێك ده‌ده‌ن بۆ به‌ هه‌میشه‌ییكردنى گرێبه‌سته‌كان، مه‌بده‌ئییه‌ن رێككه‌وتنێك له‌نێوان په‌رله‌مان و حكومه‌ت هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ى فه‌رمانبه‌ره‌ گرێبه‌سته‌كان بكرێن به‌ هه‌میشه‌یى.

له‌ هه‌رێمى كوردستان ٢٩ هه‌زار فه‌رمانبه‌رى گرێبه‌ست هه‌ن، دواى بڕیارى حكومه‌ت بۆ به‌ هه‌میشه‌ییكردنى مامۆستایانى گرێبه‌ست، ئێستا ٢٤هه‌زاریان به‌ گرێبه‌ست ماون، ئاشنا عه‌بدوڵا گوتى، دواى ئه‌وه‌ى خوێندنه‌وه‌ى یه‌كه‌م بۆ پێشنیارى بڕیاره‌كه‌ ده‌كرێت، ره‌وانه‌ى حكومه‌ت ده‌كرێت، بۆئه‌وه‌ى حكومه‌ت بۆچوونى خۆى له‌سه‌ر بدات.

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌رپرێس، هه‌وڵێك هه‌یه‌ بۆئه‌وه‌ى ئه‌مساڵ، فه‌رمانبه‌رى له‌دایكبووانى، ١٩٥٧ و ١٩٥٨ و ١٩٥٩ خانه‌نشینبكرێن، له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا وه‌زاره‌ته‌كان نوسراویان ئاڕاسته‌ى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانیان كردووه‌، بۆئه‌وه‌ى زانیارییه‌كان له‌سه‌ر ئه‌و سێ ته‌مه‌نه‌ ره‌وانه‌ بكه‌ن، به‌پێى نوسراوێكى وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ كه‌ ده‌ست په‌یسه‌ر پرێس كه‌وتووه‌، داواى زانیارى له‌سه‌ر فه‌رمانبه‌رانى ئه‌و سێ ته‌مه‌نه‌ كراوه‌. ئه‌گه‌ر ئه‌وانه‌ش خانه‌نیشن حكومه‌ت بۆشایى بۆ دروستده‌بێت و پێویستى به‌ فه‌رمانبه‌ر ده‌بێت.