کوردستان

03:59 - 28/11/2019

تورکەکان چی دەخەنە بەردەم مەسرور بارزانی؟‌

پەیسەر

یەکەم سەردانی مەسرور بارزانی وەکو سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ تورکیا، یەکێکە لەو سەردانانەی کە بارگاوییە بە چەندین دۆسێی گەورەی سیاسی و ئابووری و ئەمنی لەنێوان هەرێمی کوردستان و عێراق لەلایەک و تورکیا و عێراق لەلایەکی ترەوە.
ئەم سەردانە لە کاتێکدایە تورکیا بەهۆی هێرش و داگیرکاری بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی روبەڕووی رەخنە و گوشاری زۆر بووەتەوەو تائاستێکی زۆر گۆشەگیر کراوە. بۆیە ئەردۆغان و ئەنقەرە لەم کاتەدا پێویستییەکی زۆریان بەوە هەبوو گۆشەیەکی تری پەیوەندییەکانی خۆیان لەگەڵ کورد نیشان بدەن، بەرچاوترینیان دانانی ئاڵای کوردستانە لە کۆنگرەی رۆژنامەوانیی سەرۆکی حکومەتی هەرێم و وەزیری دەرەوەی تورکیا.

تورکیای بێزراو

لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی، تورکیا بووەتە وڵاتێکی بێزراو بەهۆی پەلاماردانی باکووری سوریا (رۆژئاوای کوردستان)ـەوە. عێراقیش یەکێکە لەو وڵاتانەی کە ئێستا لەگەڵ تورکیادا خاڵی ناکۆکیان زۆرە. بۆیە لەڕێی باشکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان، تورکیا دەیەوێ بە بەغدا بڵێ کە کارتی بەهێزی بە دەستەوە ماوە.

ئێستا کە داگیرکاری تورکیا لە رۆژئاوای کوردستان سنووردارکرا و بۆی دەرکەوت ناتوانێ لەمە زیاتر پێشڕەوی بکات، وادیارە هەنگاوەکانی قۆناغی دووەمی پیلانەکەی دەستپێدەکات ئەویش پەلاماردانی قەندیل و شنگالبێ بەبیانووی هەبوونی پەکەکەوە.
سەر مێزەکەی مەسرور بارزانی لە ئەنقەرە

مەسرور بارزانی لە ئەنقەرە چەندین دۆسێی دەخرێتە بەردەست کە گرنگترینیان، ئەو قۆناغەیە دوای پەلامار و داگیرکارییەکانی رۆژئاوای کوردستان هاتوونەتە ئاراوە. لەوانە:

- دروستکردنی ناوچەی ئارام و نیشتەجێکردنی ئەو ئاوارە سورییانەی تورکیا بە دڵی دەبێ لە رۆژئاوای کوردستان.
- پرسی شکاتی عێراق لە تورکیا کە ساڵی ٢٠١٤ لە ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی  icc تۆماری کردووەو عێراق داوای ٢٦ ملیار دۆلار قەرەبوو دەکات.
- هەبوونی پەکەکە لە شنگال کە تورکیا فشاری زۆری خستووەتە سەر هەرێمی کوردستان تا پەکەکە لەوێ دەر بکات ئەگەرنا پێکەوە دەری پەڕێنن.
- دانانی پارێزگاری کەرکوک کە تورکیا هەستیارانە لەگەڵ ئەم پرسەدا مامەڵە دەکات.
- مەسەلەی بایکۆتی کاڵای تورکی لە هەرێمی کوردستان، یەکێکی تر دەبێ لەو تەوەرانەی تورکەکان دەیخەنە سەر مێزی گفتوگۆ. هەرچەندە حکومەت و میدیای تورکیا نەیانویست ئەم باسە گەورە نیشان بدەن، بەڵام بایکۆتی کاڵای تورکیی لە هەرێمی کوردستان، کاریگەری زۆری هەبوو بۆ سەر ئابووری تورکیا بەتایبەت هەناردەی ئەم وڵاتە بۆ هەرێمی کوردستان.
- پرسی کوشتنی بەرپرسەکەی (میت) و رووداوی هۆقەباز لە مانگی تەموزی ئەمساڵ لەناو جەرگەی شاری هەولێر، یەکێک دەبێ لەو مەسەلانەی ئەگەری زۆرە باسی لەسەر بکرێ. چونکە ئەم رووداوە کاریگەری هەبوو بۆ سەر سومعەی میت و دەوڵەت لەسەر ئاستی ناوخۆی تورکیا.
- هەروەها ئەو پێشهاتانەی لە پارێزگای موسڵ روو دەدەن کە هەفتەی رابردوو، کەسایەتییەکی سەربازیی، بە کاتیی کرایە پارێزگاری موسڵ.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش، بەرچاوروونی دەدات بە تورکەکان سەبارەت بە رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر هەناردەی نەوت و بودجەی هەرێم. هەروەها کێشەی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و هاڵک بانک کە تائێستا راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ حکومەتی هەرێمدا ناکات، بەڵکو لەڕێی نێچیرڤان بارزانی و ئاشتی هەورامییەوە داهاتی نەوتی هەرێم دەگەڕێننەوە.