کوردستان

03:11 - 30/11/2019

نێچیرڤان بارزانى سه‌ردانى لایه‌نه‌كانى راگرت‌

پەیسەر پرێس

نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، سه‌ردانى بۆ لاى لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان راگرت، ئه‌وه‌ش په‌یوه‌ندى هه‌یه‌ به‌ نا ئاماده‌یى لایه‌نه‌كان بۆ پێكهێنانى هاوپه‌یمانى كوردستانى، هه‌وڵه‌كانى پێنج فراكسیۆنى كوردى له‌به‌غدا، بۆ دروستكردنى هاوپه‌یمانى له‌ ده‌ره‌وه‌ى یه‌كێتى و پارتى.

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر، دواى ئه‌وه‌ى سه‌ردانى یه‌كێتى، گۆڕان، كۆمه‌ڵ-ى كرد، نێچیرڤان بارزانى سه‌ردانى لایه‌نه‌كانى راگرتووه‌، له‌كاتێكدا بڕیاربووه‌ سه‌ردانى یه‌كگرتووش بكات. زانیارییه‌كان ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌كه‌ن، راگرتنى سه‌ردانه‌كان په‌یوه‌ندى هه‌یه‌ به‌و جموجوڵانه‌ى هه‌ر پێنج فراكسیۆنى، گۆڕان، ئاینده‌، كۆمه‌ڵ، یه‌كگرتوو، دوو په‌رله‌مانتاره‌كه‌ى پێشووى هاوپه‌یمانى، هه‌یانه‌ بۆ دروستكردنى هاوپه‌یمانییه‌ك له‌ ده‌ره‌وه‌ى هاوپه‌یمانى یه‌كێتى و پارتى.

نێچیرڤان بارزانى به‌ پرۆژه‌یه‌كه‌وه‌ سه‌ردانى لایه‌نه‌كانى ده‌ستپێكرد، بۆ دروستكردنى هاوپه‌یمانییه‌كى كوردستانى له‌به‌غدا، به‌ڵام به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر، ئه‌و پێنج فراكسیۆنه‌ ماوه‌یه‌كى زۆره‌ سه‌رقاڵى پرۆژه‌یه‌كن بۆ نزكیبوونه‌وه‌و یه‌كگرتن، ئاماده‌نین له‌گه‌ڵ یه‌كێتى و پارتى یه‌كبگرن.

محه‌مه‌د هاودیانى ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تى یه‌كگرتووى ئیسلامى بۆ په‌یسه‌ر گوتى، پێشتر سه‌ردانى سه‌رۆكى هه‌رێم بۆ لاى یه‌كگرتوو، به‌هۆى سه‌فه‌رى ئه‌میندارى گشتییه‌وه‌ دواكه‌وت، چونكه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ى وڵات بوو، له‌ سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێم به‌فه‌رمى داوایان له‌ یه‌كگرتوو كرد، به‌ڵام وه‌ڵام درانه‌وه‌ كه‌ ئه‌میندار له‌ ئێستادا له‌ سه‌فه‌ره‌.

له‌وه‌ڵامى ئه‌وه‌ى ئایا سه‌ردانه‌كه‌ى ئه‌نجامده‌درێت؟ هاودیانى گوتى، زانیارى نییه‌ كه‌ سه‌ردانه‌كه‌ ده‌كرێت یاخود نا، یا كه‌ى ده‌كرێت.

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر ئه‌و پێنج فراكسیۆنه‌ى ده‌ره‌وه‌ى یه‌كێتى و پارتى له‌به‌غدا، گروپچاتى هاوبه‌شیان بۆ ئاڵوگۆڕى بیروڕا دروستكردووه‌و كۆبوونه‌وه‌ى هاوبه‌ش له‌نێوانیان هه‌یه‌، كه‌ پێكدێن له‌ په‌رله‌مانتاره‌كانى، گۆڕان، ئاینده‌، كۆمه‌ڵ، یه‌كگرتوو، دوو په‌رله‌مانتاره‌كه‌ى پێشووى هاوپه‌یمانییه‌كه‌ى به‌رهه‌م ساڵح. به‌ڵام تا ئێستا هاوپه‌یمانییان رانه‌گه‌یاندووه‌.

ئه‌ندامێكى ئه‌و گروپه‌ هاوبه‌شه‌، كه‌ نه‌یویست ناوى بڵاوبكرێته‌وه‌ بۆ په‌یسه‌ر گوتى، ئه‌وان هه‌ماهه‌نگى زۆریان هه‌یه‌ و به‌رده‌وام ئاڵوگۆڕى بیروڕاو كۆبوونه‌وه‌ له‌نێوانیان هه‌یه‌، به‌ڵام پێى وانه‌بوو بگاته‌ ئاستى رێككه‌وتن و هاوپه‌یمانى. گوتیشى، پارتى هاوپه‌یمانى ئه‌وانى پێخۆش نییه‌.