کوردستان

07:01 - 16/12/2019

په‌یكه‌رى به‌ڕێوه‌بردنى یه‌كێتى چۆن ده‌بێت؟‌

پەیسەر

بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی کە بە تەوافوق رۆژی یەکشەمە تەواوکراو رادەستی لیژنەی باڵای کۆنگرە کرا، هەیکەلی یەکێتى گۆڕانكارى به‌سه‌ردادێت. لەیەکەم رۆژى کۆنگرە په‌یڕه‌وه‌كه‌، په‌سه‌ند ده‌كرێت و ۱۲٠ کەس هەڵدەبژێردرێن.

ئەو ١٢٠ کەسەى هه‌ڵده‌بژێردرێن بەسەر حەوت ئەنجومەن دابەشده‌کرێن. ئەنجومەنی جێبەجێکردن ٤٥ کەس تێیدا ئه‌ندام دەبێت سەرۆکی ئەنجومەنەکە ڕۆڵی سکرتێری دەبێت و چوار جێگری دەبێت. باڤێڵ تاڵەبانی، لاهور شێخ جەنگی، شاڵاو كۆسره‌ت ره‌سوڵ، رەفعەت عەبدوڵا، ناویان ده‌هێندرێت بۆ جێگره‌كان.

ئەنجومەنی دانایان یاخود ئەنجومەنی باڵای بەرژەوەندییەکانی یەکێتی، کۆسرەت ره‌سوڵ سەرۆکی دەبێت ڕاستەوخۆ لەناو کۆنگرە هەڵدەبژێردرێت، بۆ جێگرى سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى دانایان ناوى هه‌ر یه‌ك له‌ رەفعەت عەبدوڵاو عیماد ئەحمەد ده‌هێندرێت، ئه‌گه‌ر له‌ ئەنجومەنی جێبەجێکردن نەبوون بە جێگر.

سەرۆک و جێگرەکانی ئەنجومەنی جێبەجێکردن، له‌ کۆنگرە هەڵنابژێردرێن، به‌ڵكو ئه‌و ١٢٠كه‌سه‌ى هه‌ڵده‌بژێردرێن ئه‌نجومه‌نى جێبه‌جێكردن دیاریده‌كه‌ن. حەوت ئەنجومەنەکەش لە۱۲٠ کەسە هه‌ڵبژێردراوه‌كه‌ پێكدێت له‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی هەولێر، دهۆک، بادینان، سلێمانی، هەڵەبجە، کەرکوک، گەرمیان  و راپەڕین. ١٢٠ کەسەکە هەریەکەیان بەپێی ژمارە بەسەر ناوچەکاندا دابەش ده‌بن.
 
دەستەیەک جێگەی مەکتەبی سیاسی دەگرێتەوە، كه‌ پێكدێت له‌ سەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکردن، کە باس له‌وه‌ده‌كرێت بەرهەم ساڵح بێت، چوار جێگرەکەی و سەرۆکی ئەنجومەنی دانایان و جێگرەکەی لەگەڵ سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی حەوت ناوچەکە ده‌بنە مەکتەبی سیاسی بەڵام بڕیارەکان لەوێ دەدرێت.
 
جێگرانی سەرۆک، ڕۆڵیان بۆ دیاریدەکرێت جێگری کارووباری سیاسی، سەربازیی، دارایی، دبلۆماسی.  سەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکردن لەگەڵ چوار جێگرەکەی به‌وپێیه‌ى لەناو ۱۲٠ کەسەکە هەڵدەبژێردرێن، بەدەنگی ئەوانیش دەتواندرێت لاببرێن.