کوردستان

02:23 - 26/12/2019

قایمقامی هەولێر: توركیا هێڵكە بەسەرچووەكان لە رێی باشماخەوە دەنێرێت‌

پەیسەر

قایمقامی هەولێر، باس لەوەدەكات كە لەماوی دوو مانگدا دەستیان بەسەر 150 تەن هێلكەی بەسەرچوودا گرتووە، باس لەوەشدەكات كە ئەو هێلكانە لەلایەن بارهەڵگری توركییەوە بە رێگەی باشماخ دێتە هەرێمی كوردستان.

نەبەز عەبدولرەحمان،  قایمقامی هەولێر بەپەیسەر پرێسی ڕاگەیاند:" لە ماوەیی دوومانگدا توانیمانە دەست بەسەر 150 تەن هێلكەی بەسەر چوودا بگرین و لەناوی بەرین". وتیشی، ئەو هێلكانە زیاتر لە سنوری مەرزی باشماخەوە دێنە هەرێمی كوردستان، كە بارهەڵگری توركی دەیداتە شۆفێری سنوری باشماخ و ئێمەش لە رێگەی تیمەكانمانەوە دەستیان بەسەردا دەگرین.

لەبارەی نایاساییبوونی داخڵكردنی ئەو هێلكانە، نەبەز عەبدولرەحمان دەڵێ : "بەپێی یاسای هەرێمی كوردستان نابێت بەهیچ شێوەیەك هێلكە بێتە هەرێمی كوردستان و بەهەموو شێوەیەك هاوردەكردنی هێلكە بۆ هەرێمی كوردستان قەدەغەیە و هەر هێلكەیەك بێتە ناو بازاڕەوە دەستی بەسەردا بگیردرێت".

قایمقامی هەولێر، دەڵێ:"هیچ جۆرە هێلكەیەك نابێت لە 30 رۆژ زیاتر بمێنێتەوە و هەرهێلكەیەك ماوەكەی بەسەر بچێت و بەرهەمی ناوخۆیش بێت دەستی بەسەردادەگرین". دەشڵێ، دەستیان بەسەر 20 تەن هێلكەدا گرتووە كە ماوەی بەرهەم هێنانەكەی بە جۆرێك نوسراوە، كە هێشتا كاتی ئەو كاتە نەهاتووە، لەكاتێكدا ئێمە لە مانگی 12 داین ماوەی  بەرهەم هێنانی هێلكەكە لە مانگی یەكدایە.