کوردستان

09:51 - 11/01/2020

پەیسەر ئامانجی سەردانەكەی عەبدولمەهدی بۆ هەولێر ئاشكرا دەكات‌

پەیسەر پرێس

سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ گفتوگۆكردن لەسەر دیاریكردنی سەرۆك وەزیرانێكی نوێ و پرسی مانەوەی سوپای ئەمریكا و مەترسی سەرهەڵدانەوەی داعش دێتە هەولێر.

بریارە ئەمرۆ شەممە عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی دەستلەكاركێشاوەی عێراق سەردانی هەولێر بكات، سەرچاوەیەكی ئاگادار دەربارەی سەردانەكە بەپەیسەری راگەیاند،  تەوەری یەكەمی سەردانەكە دیاریكردنی كاندیدێكی نوێی سەرۆك وەزیران و ئەگەری دووبارە متمانەدانەوە بە عادل عەبدولمەهدی دەبێت.

عادل عەبدولمەهدی دەیەوێت قسە لەسەر ئەوە لەگەڵ بەرپرسانی كورد بكات، تا دڵنیا بێت لەوەی ئایا جارێكی تر بۆ دەەبارە متمانە دانەوە پێی كورد پشتیوانی دەكات.

تەوەری دووەم مانەوەی سوپای ئەمریكا دەبێت كە كورد پێشتر رایگەیاندووە لەگەڵ چوونەدەرەوەی سوپای ئەمریكا نیە لەخاكی عێراق و هەرێمی كوردستانیش پابەندی بریارەكەی ئەنجومەنی نوێنەران نابێت. بۆیە سەرۆك وەزیرانی عێراق گفتوگۆ لەسەر خاڵە ئەرێنی و نەرێنیەكانی مانەوە و چونەدەرەوەی سوپای ئەمریكا لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم تاوتوێ بكات.

تەوەری سێیەمی سەردانەكە مەترسیەكانی سەرهەڵدانەوەی رێكخراوی تیرۆرستی داعشە بەتایبەتی لەناوچە جێناكۆكەكان و بەدیاریكراویش دوای ئەوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بریاری راگرتنی هێرشە ئاسمانیەكانی بۆسەر داعش دەركرد، و دوای ئەوەش بەشێك لەچەكدارانی حەشدی شەعبی ناوچەكەیان جێهێشت.