کوردستان

03:54 - 15/01/2020

ته‌رمى پێنج كورد له‌ سه‌رنشینانى به‌له‌مه‌كه‌ى یۆنان دۆزراوه‌ته‌وه‌‌

پەیسەر پرێس


تائێستا ١٢ ته‌رمى ئه‌و به‌له‌مه‌ دۆزراوه‌ته‌وه‌، كه‌ به‌ره‌به‌یانى رۆژى شه‌ممه‌ له‌ ئاوه‌كانى نێوان یۆنان و ئیتالیا نوقمبوو پێنج ته‌رمیان كوردن.

پشتیوان كه‌ریم هاوڵاتی باشوری كوردستان و دانیشتووى شاری ئه‌سینای پایته‌ختی یۆنان،  یه‌كێك له‌و كه‌سانه‌یه‌ كه‌ به‌دواداچوونى بۆ رووداوه‌كه‌ كردووه‌ به‌ په‌یسه‌رپرێس-ی راگه‌یاند، تائێستا ١٢ ته‌رم دۆزراونه‌ته‌وه‌و پێنجیان كوردن، دوویان ئه‌فغانین، دوو سۆماڵی و سێ ئێرانیشی تێدایە، گه‌ڕان به‌دوای ته‌رمه‌كانی تردا به‌رده‌وامه‌.

٢١ سه‌رنشینی به‌له‌مه‌كه‌ رزگاركراون، كه‌ چواریان كوردن، ئێستا لای پۆلیسی یۆنان ده‌ستبه‌سه‌رن. پشتیوان كه‌ریم ده‌ڵێت، هێزی ده‌ریایی یۆنان به‌دوای كۆچبه‌ره‌ بێسه‌روشوێنه‌كاندا ده‌گه‌ڕێت. ئه‌گه‌ر له‌ماوه‌ی یه‌ك مانگدا ئه‌و ته‌رمانه‌ وه‌رنه‌گیردرێنه‌وه‌ ئه‌وه‌ حكومه‌تی یۆنان وه‌ك بێكه‌س به‌خاكیان ده‌سپێرێت.

به‌پێى زانیارییه‌كان به‌له‌مه‌كه‌ بزوێنه‌ره‌كه‌ی له‌كاركه‌وتووه‌ به‌هۆیه‌وه‌ ژێرئاو كه‌وتووه‌، پشتیوان ده‌ڵێت:"ئه‌و به‌له‌مه‌ بۆ ٢٠ سه‌رنشین گونجاوه‌، ده‌شڵێت نزیكه‌ی چوار بۆ پێنج كاتژمێر له‌ سنوره‌كانی یۆنان دووركه‌وتووەته‌وه‌. پشتیوان كه‌ریم ده‌ڵێت، تائێستا هیچ لایه‌نێكی عێراقی و هه‌رێمی كوردستان به‌ده‌م ته‌رمه‌كانه‌وه‌ نه‌هاتووه‌، ته‌نانه‌ت باڵیۆزخانه‌ی عێراقیش نه‌هاتووه‌ بۆ ئه‌و نه‌خۆشخانه‌ی كه‌ ته‌رمه‌كانیان لێیه‌.