کوردستان

04:56 - 15/01/2020

پارتی ده‌یه‌وێت ئومێد خۆشناو له‌په‌رله‌مان دووربخاته‌وه‌‌

پەیسەر پرێس


به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی په‌یسه‌رپرێس له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستیكه‌وتووه‌، به‌هۆی ناكۆكی ناوخۆیى پارتی دیموكراتى كوردستانه‌وه‌، هه‌وڵێك هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئومێد خۆشناو سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، له‌ په‌رله‌مان دووربخرێته‌وه‌.

سه‌رچاوه‌كه‌ی په‌یسه‌رپرێس ده‌ڵێت، ئومێد خۆشناو كاندیدی ئیدریس نێچیرڤان بارزانی بووه‌ و به‌پشتیوانی ئه‌ویش بووه‌ته‌ سه‌رۆكی فراكسیۆن، له‌سه‌ر باڵی نێچیرڤان بارزانی ئه‌ژمار ده‌كرێت و په‌یوه‌ندیه‌كی خراپی له‌گه‌ڵ هێمن هه‌ورامی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان هه‌یه‌، كه‌ به‌ باڵی مه‌سرور بارزانی داده‌نرێت.

له‌چه‌ند رۆژی رابردووشدا له‌پرسی پرۆژه‌یاسای چاكسازی، فراكسیۆنه‌كه‌ی بووه‌ دووبه‌ش  و به‌شێك له‌په‌رله‌مانتاران ئاماده‌نه‌بوون به‌قسه‌ی بكه‌ن، بۆیه‌ باڵی مه‌سرور بارزانی ده‌یانه‌وێت بیگۆرن.

پێشه‌وا هه‌ورامانى گوته‌بێژى فراكسیۆنى پارتى له‌په‌رله‌مانى كوردستان به‌ په‌یسه‌رى راگه‌یاند:"نه‌مبیستووه‌، تائێستا هیچ شتێك له‌و باره‌یه‌وه‌ به‌ ئێمه‌ نه‌گه‌یشتووه‌ به‌ فه‌رمى، شتێك ده‌بێت فه‌رمى بێت ئه‌وجا تۆده‌توانى قسه‌ى له‌سه‌ر بكه‌یت، به‌س هیچ شتێكى فه‌رمى نییه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ تا ئه‌مڕۆش كاك ئومێد سه‌رۆكى فراكسیۆنه‌و هیچ كه‌سێك له‌ حزبه‌وه‌ به‌ ئێمه‌ى نه‌گوتووه‌ كه‌ ده‌گۆڕدرێت، له‌ناو خه‌ڵك دیعایه‌ هه‌بووه‌ به‌س هیچ شتێكى جددى نییه‌".
هه‌ر ئه‌مڕۆش رێبه‌ر ئه‌حمه‌د وه‌زیری ناوخۆی هه‌رێمى كوردستان، عه‌مید عه‌بدولخالق ته‌ڵعه‌تى به‌رێوه‌به‌ری پۆلیسی هه‌ولێری له‌پۆسته‌كه‌ی دوورخسته‌وه‌، كه‌ به‌ نزیك له‌نێچیرڤان بارزانی داده‌نرێت، له‌به‌رامبه‌ردا عه‌مید دلێر نه‌جاری له‌باڵی مه‌سرور بارزانی بوو به‌ به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی هه‌ولێر.