کوردستان

01:48 - 20/01/2020

مستەفا چاورەش بۆ پەیسەر: دیارنیە یەکێتی سەرۆکی دەبێت یان سکرتێر‌

پەیسەر

مستەفا چاورەش ئەندامی ئەنجومەنی گشتی سەركردایەتی یەكێتی كە سەرۆكایەتی دانیشتنەكانی ئەنجومەنەكە دەكات بە پەیسەرپرێسی ڕاگەیاند، ئەوانەی لەكۆنگرە دەرنەچوون دوژمن نین و پیاوی تێكۆشەربوون لەناو یەكێتیدا بەڵام هەڵبژاردن ئامانی نیە.

مستەفا چاورەش ئاماژەی بەوەکرد، مام جەلال دەیگوت 'هەڵبژاردن وەك ئاو و ئاگر وایە و ئامانی نیە جاری وایە باشترین كەس دەرناچێت و كەسێك دەردەچێت كە ڕەنگە تواناكەی كەمتر بێت، بۆیە ئەوانە خەڵكی تێكۆشەرن و ماندوون و تەمەنی خۆیان بۆ یەكێتی خەرجكردووە بۆیە دەبێت یەكێتی بەچاوی باوكانە سەیریان بكات و مافیان نەفەوتێت و ئەگەر كەسێك مافی خوراوە دەبێت مافەكەی بۆ بگەڕێندرێتەوە و لەهەموو ئەو ئیش و كارانەی كە لەداهاتوودا دابەش دەكرێت دەبێت ئەمانەش بەشێك بن .

مستەفا چاورەش دەڵێت ئەگەر سەركردایەتی ناوچەكان دروست بكرێت (  دیارە دەنگدانەكەش لەسەر بنەمای ناوچەكان بووە ) ئەگەر جێگەیان هەبێت جێگە بۆ ئەوانیش بكرێتەوە، ئەگەر هەمواری پەیرەوەكە تەواو بێت گفتوگۆ لەسەر ئەوە دەكرێت چیان بۆ دەكرێت و چیان بۆ ناكرێت، چونكە پێش هەمواری پەیرەوەكە جارێ هیچ قسەیەك ناكەین تا تەواو نەبێت.

ئەو ئەندامەی سەركردایەتی یەكێتی دەشڵێت دیارنیە لە پەیرەوی ناوخۆی یەكێتیدا سەرۆك دەبێت یان سكرتێر بەڵام ئەوە لەهەمواری پەیرەوەكەدا یەكلایی دەكرێتەوە و ئەوەش یەكلایی دەكرێتەوە كە چەند جێگری دەبێت و دوای گفتوگۆكردن لەسەری و لە ئەنجومەنی سەركردایەتی و پەسەندكردنی بەگوێری پەیرەوی ناوخۆ مامەڵە لەگەڵ هەركەسێك دەكرێت لەوانەی ناوی دەهێندرێت بۆ سەرۆك یان سكرتێر.

مستەفا چاورەش دەڵێت، دوێنی داوای لە لیژنەی هەمواری پەیرەوی ناوخۆ كردووە پەلە بكەن بۆ تەواوكردنی دەشڵێت ئەگەر هەموارەكە تەواو بێت 25 مانگ دیاریكراوە بۆ كۆبونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی راشیگەیاند هەركاتێك هەمواری پەیرەوی ناوخۆ تەواو بوو رۆژی كۆبونەوەی ئەنجومەنی گشتی بەفەرمی رادەگەیەنێت.