کوردستان

01:56 - 20/01/2020

یەكێتی تەنها یەك رێگای لەبەردەم ناڕازیەكان هێشتۆتەوە كە ئەویش تۆماركردنی سكاڵایە‌

پەیسەر

بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیسەرپرێس لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستی كەوتووە باڵی دەسترۆیشتووی یەكێتی داواكاری باڵی نارەزایەكانیان بەتەواوەتی رەتكردۆتەوە كە هەندێكیان داوای دووبارەكردنەوەی كۆنگرە و بەشێكیشیان داوای ژماردنەوەی دەنگەكانیان كردۆتەوە.

بە پێی زانیاریەکان، لەبەرامبەردا باڵی دەسترۆیشتووی یەكێتی تەنها یەك رێگای لەبەردەم نارازیەكان هێشتۆتەوە كە ئەویش تۆماركردنی سكاڵایە لەرێگەی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق- لقی سلێمانی و وەرگرتنەوەی وەڵامی سكاڵاكەشیان لەوێ دەبێت.

هەروەها داوایان لێكراوە دان بەخۆیاندا بگرن تا پەیرەوی ناوخۆ هەموار دەكرێتەوە بۆ ئەوەی بەشێكیان بەبریاری سەركردایەتی پۆستیان پێ بدرێت.

لای خۆیەوە عوسمان بانیمارانی ئەندامی خولی پێشووی سەركردایەتی یەكێتی كە یەكێكە لە دەرنەچووەكان بەپەیسەرپرێسی راگەیاند، ئەو وەك خۆی هیچ دانوستانێكی لەگەڵ هیچ باڵێكدا نیە و پێی وایە لەشەر تێكنەشكاوە بەڵكو بەسەر كەمینی هاورێكانیدا كەوتووە، جا ئەوانیش یان بەهەڵە كەمینەكەیان داناوە یان بەمەبەست بۆیە ئەو بیر لەوە دەكاتەوە.

بانیمارانی دەڵێت هیچ داواكاریەكی نیە و چاوەرێی هیچ شتێكیشی نەكردووە لەماڵەكەی خۆی دانیشتووە.