کوردستان

05:02 - 20/01/2020

کۆنفڕانسی لیبیا چارەسەری خێرای لەگەڵ خۆی نەهێنا‌

پەیسەر

بە بەشداری سەرۆکی وڵاتانی ئەوروپا، ڕوسیا، تورکیا، ئەمه‌ریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان و لایەنەکانی لیبیا، لوتکەی بەرلین بۆ چارەسەری قەیرانی لیبیا کۆتاییهات، بەڵام نەیانتوانی چارەسەرێکی خێرا بۆ ڕاگرتنی شەڕ لەو وڵاتە بدۆزنەوە،هەریەک لە فایز سەراج، سەرۆکی حکومەتی ویفاقی نیشتمانی لیبیا و فەرماندە خەلیفە حەفتەر لە لوتکەی بەرلیندا بەبێ دیاریکردنی هیچ وادەیەک، بەڵێنیاندا گەمارۆ لەسەر دامەزراوە نیشتمانییەکانی لیبیا هەڵگرن.

کۆنگرەکە لیژنەیەکی پێکهێنا بۆ چاودێریکردنی دۆخی لیبیا و جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانەی لە کۆنگرەکەدا دەرچوون.

پێش دەستپێکی کۆنگرەکە، هەریەک لە ڤلادمێر پووتن، سەرۆکی ڕووسیا و ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆکی دەوڵەتی تورک کۆبوونەوە، کۆنگرەکە بەتایبەت بانگهێشتی ئەو دوو وڵاتەی کردبوو بۆ ڕاگرتنی شەڕ و بەردەوامیدان بەو ئاگربەستەی هەفتەی ڕابردوو ڕایانگەیاند وەک دوو وڵات کە هەریەکە و پاڵپشتی لایەنێکی شەڕه‌كه‌ دەکات.

سەرۆک و نوێنەرانی ئەو وڵاتانەی بەشداریان لە کۆنفڕانسەکەدا کرد هەریەکەو دوای کۆنفڕانسەکە ڕای خۆیان لەبارەی دۆخەکە دەربڕی.

ئەمه‌ریکا: وادیارە توندوتیژیەکان کەمدەبنەوە
مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمه‌ریکا کە بەشداری لە کۆنفڕانسەکەدا کرد بەرلەوەی بەرلین جێبهێڵێت بۆ ڕۆژنامەنووسان قسەی کرد و وتی، "هەرچەندە وادیارە توندوتیژیەکان کەمدەبنەوە بەڵام هێشتا زۆر پرسیار ماون کە دەبێت وڵاتان لە خۆیانی بکەن و لەدڵەوە کار بۆ ئارامی و ڕاوەستاندنی شەڕ بكەن.
پۆمپیۆ ئاماژەی بەوەکرد، هێشتا کارێکی زۆر ماوە. لیبیا گۆڕەپانێکی ئاڵۆزی پێکدادانەکانە. ئەگەر وڵاتان چەکی کەمتر بۆ لیبیا بنێرن، دۆخەکە ئارامتر دەبێت.

ڕووسیا: هیوامان بە دۆخەکە هەیە
سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا لەبارەی کۆنفڕانسەکە قسەی کرد و وتی، "پێویستە لە نێوان لایەنەکانی شەڕی لیبیادا دانوستانێکی زۆر جدی بەڕێوەببرێت. هێشتا نەمانتوانیوە لایەنەکان له‌یه‌كتر نزیك بكه‌ینه‌وه‌ و زەمینەی دانوستانەکان مسۆگەر بکەین.

 

لاڤرۆڤ کە لە بەرلین بۆ ڕۆژنامەنووسان قسەی کرد، باسی ئەوەی کرد، کۆنفڕانسەکە هەرچەندە هەنگاوێکی بچووک بوو، بەڵام گرنگ بوو و هیوایان بە دۆخەکە هەیە.

تورکیا: کۆنفڕانسەکە هەلێکی گرنگە
تورکیاش کە لایەنێکی سەرەکی شەڕی لیبیایە، بێ ئەوەی باسی ناردنی میلیشیا سوریەکان بکات بۆ لیبیا، باسی ئاشتی دەکات.
لەو بارەیەوە ئیبراهیم کاڵن وتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا وتی، "کۆنفڕانسەکە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە و چارەسەری سیاسی کێشەی لیبیا دەرفەتێکی گرنگە. تورکیاش لەدژی شەڕی بەوەکالەتە.

نەتەوە یەکگرتووەکان: لە کردەوەکانی هێزەکانی حەفتەر نیگەرانین
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانی خۆی لەبارەی داخستنی چەند بەندەرێکی سەرەکی نەوت لەلایەن هێزەکانی حەفتەر نیشاندا و ڕایگەیاند، ئەو هەنگاوە قەیرانی وڵاتەکە قوڵتردەکاتەوە.
گۆتێرێس باسی لەوەشکرد، تەواوی وڵاتانی بەشدار لە کۆنگرەکە پابەندیی تەواویان هەیە بۆ ڕاگرتنی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە.

یەکێتی ئەوروپا: بە شێوەیەکی چالاک بەشداریی دانوستانەکان دەکەین
جۆزێف بڕۆل بەرپرسی کاروباری دەرەوەی پەرلەمانی ئەوروپا بە نوێنەرایەتی یەکێتی ئەوروپا قسەیکرد و ڕایگەیاند، گرنگە هەموو لایەنەکان لەبارەی کێشە گەورەکان لە دەوری یەکتری کۆببنەوە، ئەوان لایەنگری دانوستانەکانی لیبیان و پێیان وایە كه‌ ده‌بێت کێشەکە بە ئاشتیانە چارەسەر بکرێت.

 

ئەنگێلا مێرکڵ، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا کە وڵاتەکەی میوانداری کۆنفڕانسەکەی دەکرد، دووپاتیکردەوە، کێشەی لیبیا بە ڕێگه‌ی سیاسی چارەسەر دەبێت نەک سەربازی.

لویجی دی مایۆ وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیاش کە پێشتر لیبیا لەلایەن وڵاتەکەیەوە داگیرکرابوو ڕایگەیاند، ئەمە خاڵی دەستپێکە بە ئاراستەی ڕاگرتنی شەڕ.

دوای کوشتنی موعەمەر قەزافی و ڕووخاندنی دەوڵەتەكه‌ی لە ساڵی ٢٠١١دا لە لیبیا شەڕی ناوخۆیی کۆتایی نەهات و تا ئێستاش بەردەوامە. لە تەرابلوس حکومەتی ناوەندی بە ناوی حکومەتی هاوپەیمانی نەتەوەیی لیبیا هەیە و لە ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتەش هێزەکانی خەلیفە حەفتەر دەسەڵاتیان هەیە، لە ئێستادا ئەو وڵاتە بەسەر ئه‌و دوو لایەنه‌دا دابەشبووە.

حکومەتی خەلیفە حەفتەر لە لایەن فەڕەنسا، ڕووسیا، ئوردن و ئیماراتەوە پشتگیری دەکرێت و حکومەتی هاوپەیمانی نیشتمانی لیبیاش لە لایەن ئیتاڵیا، تورکیا و قەتەرەوە پشتگیری لێدەکرێت.