کوردستان

04:52 - 21/01/2020

باڵی كۆسرەت رەسوڵ و ماڵی تاڵەبانی لەسەر دەسەڵاتەكان نەگەیشتونەتە رێككەوتن‌

لە یەكەمین كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی، بڕیاری لیژنەیەك درا بۆ هەمواری پەیڕەوی ناوخۆی ئەو حیزبە، بەڵام لەسەر دەسەڵاتەكانی سەرۆك و ئەنجومەنی باڵای سیاسیەوە ناكۆكی دروست بووە.

بەپێی زانیارییەكان بەردەست پەیسەر، لیژنەكە لەسەر دەسەڵاتەكانی ئه‌نجومه‌نی باڵای سیاسی و سەرۆك یان سكرتێر و جێگرانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان ناكۆكی كەوتوەتە نێوانیان.

ماڵی تاڵەبانی كە بافڵ تاڵەبانی سەركردایەتی دەكات، پێیان باشە و پێداگری دەكەن لەسەر ئەوەی ئه‌نجومه‌نی سیاسی یه‌كێتی كه‌ له‌لایه‌ن كۆسره‌ت ره‌سوڵه‌وه‌ سه‌رۆكایه‌تی ده‌كرێت ده‌سه‌ڵاتی ڤیتۆی بریاره‌كانی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی نه‌بێت و بریاری سه‌ره‌كیش له‌ده‌ستی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی بێت.

زانیارییەكان ئاماژە بەوە دەكەن، جگە لەوەی لیژنەكە نەیتوانی لەسەر دەسەڵاتەكانی ئەنجومەنی باڵاكە و سەرۆك و جێگرانی بگەنە رێككەوتن، ناكۆكییەكی دیكەش دروست بووە، ئەوەش لەسەر ژمارەی جێگرانی سەرۆك (سكرتێر)ی داهاتووی یەكێتی.

خواستی لیژنەكە ئەوەیە، كێشەكان بە تەوافوق چارەسەر بكرێت و هەموارەكە بە خواستی هەموو لایەك ئامادە بكرێت، بەڵام ئەگەر نەگەنە رێككەوتن، ئەوا هەموارەكە دەبرێتە بەردەم ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی و لەوێ بە دەنگدان چارەسەری ناكۆكییەكان دەكرێت.