کوردستان

03:45 - 22/01/2020

یەكێتی وەڵامی پەیامەكەی مەسرور بارزانی دەداتەوە‌

پەیسەر پرێس

دوای ئەوەی مەسرور بارزانی لە ڕێی قوباد تاڵەبانییەوە، پەیامێكی ئاڕاستەی یەكێتی كرد بۆ دیاریكردنی كاندیدەكان بۆ پۆستە پڕ نەكراوەكانی كابینەی نوێ، پەیسەر وەڵامی یەكێتی بۆ ئاشكرا دەكات.

بەپێی زانیارییەكانی بەردەستی پەیسەر، یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لە وەڵامی پەیامەكەی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا رایگەیاندووە، ناوی هیچ كاندیدێك بۆ هیچ پۆستێك پێشكه‌ش ناكه‌ن، تا پارتی ڤیتۆ له‌ سه‌ر ره‌وه‌ند مه‌لا مه‌حمود كاندیدی یه‌كێتی بۆ پۆستی سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ناوچه‌ كوردستانیه‌كان لانه‌بات.

لەبارەی پڕكردنەوەی پۆستەكانی بریكاری وەزیرو بەڕێوەبەر گشتییەكان مەسرور بارزانی لە رێگەی قوباد تاڵەبانی جێگرییەوە، پەیامێكی ئاڕاستەی یەكێتی كردووە، بۆ ئەوەی  كاندیدەكانی یەكێتی بۆ پڕكردنەوەی ئەو پۆستانەی پشكی ئەون پێشكەش بكات.

پێشتر یەكێتی نیشتیمانی كوردستان بە شێوەیەكی فەرمی داوای لە پارتی دیموكراتی كوردستان كردبوو، بە بیانووی ئەوەی كۆنگرەی حیزبەكەی لەپێشە ناتوانێت كاندیدەكان ئامادە بكات و داوای دواخستنی پێشكەشكردنی ناوی كاندیدەكان كردبوو.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لە بە دواداچوونی هەڵوێستی پارتی لەسەر وەڵامەكەی یەكێتی دەستی پەیسەر كەوتووە پارتی گومانی له‌ وه‌ڵامی یه‌كێتی هه‌یه‌.
پارتی دیموكراتی كوردستان،پێی وایه‌ یەكێتی به‌هۆی كێشه‌ناوخۆیه‌كانیانه‌وه‌ ناتوانن ناوی كاندید پێشكه‌ش بكه‌ن، نه‌ك پرسی ره‌وه‌ند مه‌لا مه‌حمود به‌وپێیه‌ی پێشتر لێكتێگه‌یشتن هه‌بووه‌ بۆ گۆرینی.

ره‌وه‌ند مه‌لا مه‌حمود ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی گشتی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیه‌ و كاندیدی فه‌رمی ئه‌و حزبه‌یه‌ بۆ سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ناوچه‌ كوردستانیه‌كان، به‌ڵام له‌لایه‌ن پارتیه‌وه‌ به‌وه‌ تۆمه‌تبار ده‌كرێت كه‌ له‌ روداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر تێوه‌گلاوه‌.