کوردستان

03:50 - 23/12/2018

پارتی پێشنیاری كۆبونەوەی سێ قۆڵی دەكات‌

پەیسەر

پارتی دیموكراتی كوردستان، پێشنیاری كۆبونەوەی سێ قۆڵی بۆ كۆبوونەوەی لەگەڵ یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و بزوتنەوەی گۆران  دەكات،  بەڵام یەكێتی رەتیدەكاتەوە.

 بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیسەرپرێس لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستی كەوتووە،  مەكتەبی سیاسی پارتی پێشنیاری كۆبونەوەی سێ قۆڵی بزوتنەوەی گۆڕان- یەكێتی نیشتمانی كوردستان – پارتی دیموكراتی كوردستانی خستۆتە بەردەم یەكێتی بەڵام پێش ئەوەی پێشنیارەكە بە فەرمی بە گۆڕان رابگەیەنرێت لەلایەن یەكێتییەوە رەتدەكرێتەوە.

بە پێی پێشنیارەكە، مەبەستی كۆبوونەوە سێ قۆڵییەكە گفتوگۆكردنە لەسەر پێكهێنانی حكومەت و چارەسەری كێشەكانی هەرێم، بەڵام یەكێتی نیشتمانی كوردستان پێشنیارەكەی رەتكردۆتەوە.

سەبارەت بەهۆكاری رەتكردنەوەكەش سەرچاوەكە دەڵێت:  یەكێتی پێی باش بووە پێش ئەوەی گۆران و یەكێتی وەڵامی پارتی بدەنەوە كۆبونەوەی دووقۆڵی گۆڕان- یەكێتی لە سلێمانی بكرێت بۆ ئەوەی لەسەر پرۆژەیەك بۆ بەشداری لەحكومەت رێكبكەون، بەڵام بزوتنەوەی گۆران رەتیكردۆتەوە، بۆیە یەكێتی كۆبونەوەی سێ قۆڵی بە بێ سود وەسف كردووە.

پێشتر پەیسەرپرێس ئەوەی بڵاوكردەوە، كە یەكێتی نیشتیمانی داوای لە پارتی دیموكرات كردووە، لە ئەگەری نزیكبوونەوەی ئەو دوو لایەنە لە یەكتر پێكەوە سەردانی گۆڕان بكەن، بەڵام ئەو كات پارتی ئەو پێشنیارەی رەتكردبوەوە.

پارتی ئەوەشی راگەیاندبوو بۆ پرسی پێكهێنانی حكومەت بە تەنها لەگەڵ لایەنەكان كۆدەبێتەوە، بەڵام بۆ پرسی سەرجەم كێشەكانی هەرێم و بەغدا پێویستمان بە كۆبوونەوەی سێ‌ قۆڵی هەیە كە ئەمەیان یەكێتی رەتیكردبوەوە.