کوردستان

10:54 - 23/12/2018

"بەهۆی بڕیارەكەی ترەمپەوە كورد لەگەڵ ئەسەد رێكدەكەوێت"‌

پەیسەر

سەنتەری لێكۆڵینەوەی ئەمریكی دەڵێت، بەهۆی بڕیارەكەی ترەمپ بۆ كشانەوەی سوپای ئەمریكا لەسوریا، كورد  لەگەڵ بەشار ئەسەدی سەرۆكی سوریا رێكدەكەوێت.

ئەنجومەنی پەیوەندیە دەرەكیەكانی سەنتەری لێكۆڵینەوەی ئەمریكا،لە راپۆرتێكدا ئاماژە بەوەدەكات، بڕیارەكەی دۆناڵد ترەمپ، بۆ كشانەوەی سوپای ئەمریكا لەسوریا ناپاكیە لە هاوپەیمانەسەرەكیەكەی واشنتۆن لەسەر خاكی سوریا كە هێزەكانی سوریای دیموكراتن و نزیكەی سێیەكی خاكی سوریایان لەژێردەستدایە.
 ئەو سەنتەرە جەختلەوەدەكاتەوە ، بڕیارەكە بەواتای دەستبەرداربوونی هاوپەیمانەكانی تریش دێت لەناوچەكە بەتایبەتیش ئیسرائیل، بەوەش وادەكات ئەو وڵاتە لەبەرامبەر ئێران و حزبوڵای لوبنانی بەتەنها بێت.

راپۆرتەكە ئاماژەی بەوەشكردووە، لەبۆشایی نەبوونی ئەمریكادا هێزە كاریگەرەكانی ناوچەكە پشت بەروسیا دەبەستن بۆ بەدیهێنانی ئامانجەكانیان.

سەنتەری لێكۆڵینەوەی ئەمریكی نوسیویەتی: لەكاتی بڕیاری ئەنكەرە بۆ هێرشكردنە سەر باكوری رۆژهەڵاتی سوریا و دژایەتی كردنی هێزەكانی سوریای دیموكرات و گەیشتن بەسنورەكانی سوریا و عێراق، توركیا خۆی لەشەرێكی نا رێكخراوی دوورودرێژدا دەبینێتەوە، ئەوەش لەكاتێكدایە كە دەنگۆی بوونی 30 بۆ 60 هەزار شەرڤانی كورد لەناو هێزەكانی سوریای دیموكراتدا هەیە و ئەزمونی شەڕیان لەسوریا لەچەند ساڵی رابردوودا پەیداكردووە.

هەروەها راپۆرتەكە پێی وایە كورد بەرەو هەردوو حكومەتی روسیا و سوریا دەچن، هەروەها لەژێر رۆشنای بڕیارەكەی ترەمپ بەكشانەوەی سوپای ئەمریكا لە سوریا، كورد داوای رێككەوتنی لەحكومەتی سوریا كردووە بۆ ئەوەی خۆبەرێوەبەریان بداتێ، ئەوەش لەبەرامبەر رازی بوونی كورد بە گەرانەوەی دەسەڵاتی بەشار ئەسەد بۆ سەرتەواوی خاكی سوریا.
سەنتەرەكە باس لەوەشدەكات كە رێكەوتنەش لەپێناوی ڕووبەڕووبونەوەی جموجوڵەكانی توركیا دێتە ئاراوە و كە بەو كارە ئەگەری پێكدادان لەنێوان توركیا و سوریادا زیاتر دەكات.