کوردستان

12:48 - 08/02/2020

ورده‌كارى ناكۆكییه‌كانى نێوخۆى یه‌كێتى‌

پەیسەر پرێس

یه‌كێتى له‌ نێوخۆى تائێستا نه‌گه‌یشتووه‌ته‌ رێككه‌وتن و ناكۆكن له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاته‌كانى سه‌رۆك و سه‌ركردایه‌تى و ئه‌نجومه‌نى باڵاى سیاسى و جێگره‌كانى سه‌رۆك. په‌یسه‌ر زانیارى سه‌باره‌ت بۆ داواكارى هه‌ر باڵێك بڵاوده‌كاته‌وه‌. به‌هۆى پێداگرى باڵه‌كانه‌وه‌ هه‌موارى په‌یڕه‌وى ناوخۆى یه‌كێتى سست به‌ڕێوه‌ده‌چێت، مادده‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان په‌سه‌ند نه‌كراون.

به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی په‌یسه‌ر پرێس له‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستی كه‌وتووه‌، له‌ناو باڵه‌كانی یه‌كێتی ناكۆكی له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاته‌كانی ئه‌نجومه‌نی باڵای سیاسی و ئه‌نجومه‌نی گشتی سه‌ركردایه‌تی هه‌یه‌، به‌ جۆرێك ماڵی تاڵه‌بانی و زۆرینه‌ی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی گشتی سه‌ركردایه‌تی رازی نین ئه‌نجومه‌نی باڵای سیاسی ده‌سه‌ڵاتێكی فراوان هه‌بێت، كۆسره‌ت ره‌سوڵ و مه‌لا به‌ختیاریش پێداگری له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن، كه‌ ئه‌وان له‌و ئه‌نجومه‌نه‌دا نامێننه‌وه‌ ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵاته‌كانی ته‌شریفاتی بێت.

سه‌باره‌ت به‌ جێگرانی سكرتێری گشتی، كۆسره‌ت ره‌سوڵ و به‌رهه‌م ساڵح پشتیوانی ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن سكرتێری یه‌كێتی چوار بۆ پێنج جێگری هه‌بێت، به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆكى یه‌كێتی بێت، شاڵاو كۆسره‌ت ره‌سوڵ جێگری سكرتێری یه‌كێتی بێت بۆ كاروباری هه‌ولێر، بافڵ تاڵه‌بانی بۆ كاروباری سلێمانی، ره‌فعه‌ت عه‌بدوڵا بۆ كاروباری كه‌ركوك و لاهورشێخ جه‌نگی بۆ كاروباری هێزه‌ سه‌ربازی و ئه‌منییه‌كانی یه‌كێتی،جێگرێكیش بۆ كاروباری په‌یوه‌ندیه‌كانی یه‌كێتی، به‌ڵام ماڵی تاڵه‌بانی ده‌یانه‌وێت سكرتێری یه‌كێتی ته‌نها یه‌ك یان دوو جێگری هه‌بێت و بافڵ تاڵه‌بانیش ئه‌و جێگره‌ بێت.

سه‌باره‌ت به‌ چۆنێتی رازی بوونی كۆسره‌ت ره‌سوڵ، به‌وه‌ی به‌رهه‌م ساڵح ببێته‌ سه‌رۆكى یه‌كێتى سه‌رچاوه‌كه‌ى په‌یسه‌ر ده‌ڵێت، پارتی نێوه‌ندگیری له‌نێوانیاندا كردووه‌، چونكه‌ پارتى كار بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات به‌رهه‌م ساڵح ببێته‌ سه‌رۆكى حزبه‌كه‌.

به‌پێی زانیارییه‌كانی په‌یسه‌ر خاڵێكی تری ناكۆكیه‌كانی ناو ئه‌نجومه‌نی گشتی سه‌ركردایه‌تی په‌یوه‌ندی به‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانی سه‌رۆكه‌وه‌ هه‌یه‌، باڵی كۆسره‌ت ره‌سوڵ و به‌رهه‌م ساڵح ده‌یانه‌وێت ده‌سه‌ڵاتێكی فراوانی هه‌بێت، ماڵی تاڵه‌بانیش ده‌یانه‌وێت ئه‌و ئه‌نجومه‌نه‌ی كه‌ له‌ سه‌رۆك و جێگره‌كانی پێكدێت ده‌سه‌ڵاتی یه‌كه‌می هه‌بێت نه‌ك ته‌نها كه‌سێك.

سه‌رچاوه‌كه‌ی په‌یسه‌ر پرێس ده‌ڵێت، پێشنیارێك هه‌یه‌ كه‌ شاڵاو كۆسره‌ت ره‌سوڵ پۆستی جێگری سەرۆکی یه‌كێتی بۆ كارووباری هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی یه‌كێتی و هێزه‌كانی ٧٠ و ئاسایش وه‌ربگرێت، بافڵ تاڵه‌بانیش پۆستی جێگری سەرۆکی یه‌كێتی بۆ كارووباری دارایی و ده‌زگای زانیاری و دژه‌تیرۆر وه‌ربگرێت، سەرۆکی یه‌كێتیش ته‌نها ئه‌و جێگره‌ی هه‌بێت به‌ڵام تا ئێستا ئه‌مه‌ رێككه‌وتنی كۆتایی له‌سه‌رنه‌كراوه‌.