کوردستان

04:04 - 08/02/2020

كورد ترسى هه‌یه‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ى له‌گه‌ڵ به‌غدا ده‌ستكارى بكرێت‌

پەیسەر پرێس

سه‌ره‌تاى مانگى ١٢ی ساڵی رابردوو هه‌ولێر و به‌غدا، له‌سه‌ر پرۆژه‌ یاساى بوودجه‌ گه‌یشتنه‌ رێككه‌وتن، به‌ڵام به‌هۆى ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ى عادل عه‌بدولمه‌هدى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراقه‌وه‌، جێبه‌جێكردنى ئه‌و رێككه‌وتنه‌ دواكه‌وت. ئه‌ندامێكى به‌شدارى دانوستانه‌كان، زانیارى له‌سه‌ر ئه‌و رێككه‌وتنه‌ بۆ په‌یسه‌ر ده‌خاته‌ڕوو. باس له‌ بوونى مه‌ترسى ده‌كات له‌سه‌رى.

ئه‌و ئه‌ندامه‌ى شاندى دانوستانكار كه‌ نه‌یوست ناوى خۆى ئاشكرا بكات بۆ په‌یسه‌ر گوتى، له‌ رێككه‌وتنی هه‌رێم و به‌غداد ئه‌وه‌ جێگیركراوه‌، كه‌ هه‌رێم رۆژانه‌ ٢٥٠ هه‌زار به‌رمیل نه‌وت راده‌ستی كۆمپانیای سۆمۆ بكات، له‌ به‌رامبه‌ردا به‌غداد سەدا ١٢.٦ی بوودجه‌ی عێراق بۆ هه‌رێم بنێرێت.

ئه‌و ئه‌ندامه‌ كورده‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، رێككه‌وتنه‌كه‌ بۆماوه‌ی یه‌ك ساڵ بووه‌،"له‌كۆتایی ئه‌م ساڵ، ده‌بوو جارێكی تر هه‌رێم و به‌غداد ده‌ست به‌دانوستان بكه‌نه‌وه‌". باسیله‌وه‌شكرد مه‌ترسى ئه‌وه‌ هه‌بووه‌ كه‌ به‌شێك له‌ كوتله‌ سیاسییه‌ عێراقییه‌كان ئه‌و رێككه‌وتنه‌ ره‌تبكه‌نه‌وه‌ و ده‌نگی بۆ نه‌ده‌ن.

گوتیشى:"به‌ڵام ئه‌م رێككه‌وتنه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌ت بووه‌، پێویست بوو له‌ چوارچێوه‌ی پرۆژه‌یاسای بودجه‌ی ساڵی ٢٠٢٠ جێگه‌ی بكرێته‌وه‌، بڕیاریش بووه‌ حكومه‌تی هه‌رێم و سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم بانگهێشتی هه‌موو ئه‌ندامانی كورد له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی ناوه‌رۆكی رێككه‌وتنه‌كه‌یان بۆ روونبكرێته‌وه‌ و ئه‌و ئه‌ندامانه‌ش هانبدرێن به‌رگری له‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ بكه‌ن، كاریش بۆ تێپه‌ڕاندنی له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران بكه‌ن".

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، حكومه‌تی هه‌رێم داوای له‌ محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوی كاندیدی راسپێردراو كردووه‌ پابه‌ندی ئه‌و رێككه‌وتنه‌ بێت، به‌ڵام ناوبراو رایگه‌یاندووه‌ پێداچوونه‌وه‌ی پێدا ده‌كات.