کوردستان

03:22 - 10/02/2020

ئه‌مریكا داوایه‌كى تایبه‌ت له‌ هه‌رێمى كوردستان ده‌كات‌

پەیسەر پرێس


ئه‌مریكا په‌یامێكى تایبه‌ت ئاڕاسته‌ى كورد ده‌كات، داوا ده‌كات یه‌كڕیزى ناوخۆیى هه‌رێمى كوردستان پارێزراو بێت و كورد پشتیوانى كابیینه‌كه‌ى محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوى بكات. 

به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی په‌یسه‌ر پرێس له‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستی كه‌وتووه‌، ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له‌ رێگه‌ی باڵیۆزه‌كه‌یه‌وه‌ په‌یامێكی ئاڕاسته‌ی كورد كردووه‌، واشنتن داوایكردووه‌ پارێزگاری له‌ یه‌كڕیزی ناوخۆی هه‌رێم بكه‌ن و پشتیوانی كابینه‌كه‌ی محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوی بن، هاوكاری وڵاته‌كه‌شی بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی هه‌رێم و به‌غداد دووپاتكردووه‌ته‌وه‌.

په‌یامه‌كه‌ی واشنتن له‌ رێگه‌ی ماسیۆ تۆلێر باڵیۆزی ئه‌مریكا له‌ عێراق به‌ هه‌رێمى كوردستان گه‌یه‌ندراوه‌، كه‌ رۆژی چوارشه‌ممه‌ پێنجی شوبات كه‌ سه‌ردانی شاری هه‌ولێری كرد و له‌گه‌ڵ مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی پارتی و مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌ت و چه‌ند به‌رپرسێكی تر كۆبووه‌وه‌.

دواى ئه‌و داوایه‌ى ئه‌مریكا، سەرۆكایەتی هەرێم بانگهێشتی سەرجەم فراكسیۆنە كوردستانییەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی كردووه‌ بۆ كۆبوونەوە. سەرۆكایەتی هەرێم بانگهێشتنامەی بۆ سەرجەم فراكسیۆنە كوردستانییەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ناردووە بۆ ئەوەی رۆژی سێ شەممە ١١ى شوبات لەشاری هەولێر كۆببنەوە.

نێچیرڤان بارزانی ژمارەیەك داواكاری ئامادەكردووە و دەیەوێت بیخاتە بەردەم فراكسیۆنە كوردستانییەكان بۆ ئەوەی وەك مەرجی كورد بە دەنگدان بە كابینەی داهاتوو رێككەوتنی لەسەر بكرێت، هەروەها سەرۆكی هەرێم دەیەوێت لەو رێگەیەوە یەكریزی لەناو فراكسیۆنەكوردستانییەكان دروست بكات، پێش ئەوەی دانوستانی كورد و عەلاوی بەفەرمی دەست پێبكات.