کوردستان

04:02 - 10/02/2020

چه‌ند ئه‌ندامێكى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتى ده‌ستپێشخه‌رییه‌ك ده‌خه‌نه‌ڕوو‌

پەیسەر پرێس

ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نیشتمانیى كوردستان، داوا له‌ باڵه‌ جیاوازه‌كانى حزبه‌كه‌یان ده‌كه‌ن، هه‌ڵبژاردنى یه‌كێتى هاوسه‌رۆكه‌كان دوابخه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى كۆده‌نگى له‌سه‌ر دروستبكرێت. گوتویانه‌ بێ ته‌وافوق مه‌ترسى له‌سه‌ر یه‌كڕیزى حزبه‌كه‌یان هه‌یه‌.

به‌پێی زانیارییەکانی په‌یسه‌ر پرێس، ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی داوایان له‌ باڵه‌كانی حزبه‌كه‌یان كردووه‌، پرسی هه‌ڵبژاردنی هاوسه‌رۆكانی حزبه‌كه‌یان دوابخه‌ن بۆ ئه‌و كاته‌ی رێككه‌وتن و ته‌وافوق ده‌كرێت، چونكه‌ به‌بێ ته‌وافوق مه‌ترسی له‌سه‌ر یه‌كڕیزی ناو حزبه‌كه‌یان دروست ده‌بێت، ئه‌گه‌ری ده‌ستوه‌ردانی ده‌ره‌كیش زیاتر ده‌بێت.

سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگادار بۆ په‌یسه‌ر پرێس گوتى، ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی داوایانكردووه‌و تا ٢٥ی شوبات، ده‌رفه‌ت بدرێت به‌ باڵه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر هاوسه‌رۆكان و جێگره‌كانیان و مه‌كته‌بی سیاسی رێككه‌وتن بكرێت.

به‌پێی زانیارییه‌كانی سه‌رچاوه‌كه‌، باڵی كۆسره‌ت ره‌سوڵ به‌ ناڕاسته‌وخۆ پشتیوانی ئه‌و پێشنیاره‌ ده‌كه‌ن و پێی رازین، به‌ڵام تا ئێستا ماڵی تاڵه‌بانی په‌سه‌ندیان نه‌كردووه‌.

سه‌باره‌ت به‌ده‌سه‌ڵاتی هاوسه‌رۆكانی یه‌كێتی سه‌رچاوه‌كه‌ ده‌ڵێت، پێشنیاری به‌هێز ئه‌وه‌یه‌ ئه‌گه‌ر دوو كه‌س بن، ئه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانیان به‌ شێوه‌ی ٥٠ به‌ ٥٠ له‌نێواندا دابه‌ش ده‌كرێت، ئه‌گه‌ریش سێ كه‌س بن ئه‌وه‌ ٣٣به‌ ٣٣ و هه‌ریه‌كه‌شیان به‌شێك له‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانی بداته‌ جێگره‌كه‌ی به‌ جۆرێك لە سه‌دا ٢٥ی ده‌سه‌ڵاته‌كانی هاوسه‌رۆك كه‌متر نه‌بێت.