کوردستان

04:27 - 10/02/2020

شیعه‌كان مه‌رجێكی قورس بۆ كورد داده‌نێن‌

پەیسەر پرێس

لایه‌نه‌ شیعه‌كانى عێراق مه‌رجێكی قورس بۆ هه‌رێمى كوردستان داده‌نێن، بۆ ئه‌وه‌ى به‌شدارى كابینه‌ى نوێى حكومه‌ت بكه‌ن، كوردیش به‌گرنگیيه‌وه‌ لێی ناڕوانێت.

به‌پێی ئه‌و زانیارییانه‌ی په‌یسه‌ر پرێس له‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستیكه‌وتووه‌، هه‌ریه‌ك له‌ كوتله‌كانی نه‌سر، فه‌تح و سه‌در لێکتێگه‌یشتنێكیان هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی مه‌رجی ئه‌وه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان دابنێن، كه‌ له‌ به‌رامبه‌ر به‌شداری پێكردنیان له‌ كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی عێراق، به‌ ده‌ركردنی سوپای ئه‌مریكا رازی بن و پابه‌ندی بڕیاره‌كه‌ی ٥-١-٢٠٢٠ ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران بن، سه‌باره‌ت به‌ ده‌ركردنی هێزه‌بیانیه‌كان.

مه‌رجى شیعه‌كان به‌و جۆره‌یه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان، هیچ رێككه‌وتن و لێكتێگه‌یشتنێك له‌گه‌ڵ هیچ لایه‌نێكی بیانی، بۆ مانه‌وه‌ی سوپای وڵاتان به‌ بێ ره‌زامه‌ندی حكومه‌تی عێراق نه‌كه‌ن.

سه‌رچاوه‌كه‌ی په‌یسه‌ر پرێس ده‌ڵێت، كورد به‌ گرنگییه‌وه‌ له‌و مه‌رجه‌ ناڕوانێت و پێی وایه‌ موزایه‌ده‌ی ناوماڵی شیعه‌كانه‌ و ناتوانن سوپای ئه‌مریكا ده‌ربكه‌ن، بۆیه‌ ئه‌وه‌ وه‌ك كارتی فشار بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی داواكارییه‌كانی هه‌رێم  له‌ دژی كورد به‌كارده‌هێندرێت.

رۆژی ٥-١-٢٠٢٠ دوای كوژرانی ئه‌بومه‌هدی موهه‌ندیس، قاسم سوله‌یمانی له‌ نزیك فڕۆكه‌خانه‌ی به‌غداد له‌ لایه‌ن ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكاوه‌، شیعه‌كان بڕیارێكیان له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ده‌ركرد، بۆ چوونه‌ ده‌ره‌وه‌ی هێزه‌بیانییه‌كان، كورد و سوننه‌ بایكۆتی كۆبوونه‌وه‌كه‌یان كرد.