کوردستان

04:15 - 12/02/2020

مه‌سرور بارزانی په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ ماڵى تاڵه‌بانى ئاسایى ده‌كاته‌وه‌‌

پەیسەر پرێس


مه‌سرور بارزانى سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران، چاوه‌ڕێى یه‌كلابوونه‌وه‌ى چاره‌نووسى یه‌كێتى ده‌كات، خواستى هه‌یه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ ماڵى تاڵه‌بانى په‌ره‌پێبدات و رێككه‌وتنیان له‌گه‌ڵ بكات. 

به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی په‌یسه‌رپرێس له‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستی كه‌وتووه‌، مه‌سرور بارزانی چاوه‌رێ ده‌كات چاره‌نوسی یه‌كێتی به‌ته‌واوه‌تی یه‌كلایی بێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیه‌كانی له‌گه‌ڵ ماڵی تاڵه‌بانی ئاسایی بكاته‌وه‌ و لێكتێگه‌یشتن دروست بكات.

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر، مه‌سرور بارزانى پێى وایه‌، قۆناغى ده‌سه‌ڵاتى كۆسره‌ت ره‌سوڵ و به‌رهه‌م ساڵح له‌نێو یه‌كێتى كۆتایى هاتووه‌، بۆیه‌ ده‌یه‌وێت په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ ماڵى تاڵه‌بانى دروست بكات، هاوكات مه‌به‌ستیه‌تى په‌یوه‌ندی نێچیرڤان بارزانی و ماڵی تاڵه‌بانی لاواز بكات.

پێشتر مه‌سعود بارزانی و مه‌سرور بارزانى، په‌یوه‌ندیه‌كی به‌هێزیان له‌گه‌ڵ كۆسره‌ت ره‌سوڵ و به‌رهه‌م ساڵح هه‌بوو تا ئێستاش ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ نه‌پچڕاوه‌و به‌رده‌وامه‌، به‌شێك له‌سه‌ركرده‌كانی نزیك له‌ماڵی تاڵه‌بانیشیان به‌ گروپی ١٦ی ئۆكتۆبه‌ر وه‌سف ده‌كرد، به‌ڵام ئێستا ده‌یانه‌وێت ئه‌و هاوكێشه‌یه‌ پێچه‌وانه‌ بكه‌نه‌وه‌و مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ واقیع بكه‌ن. نێچیرڤان بارزانى به‌رده‌وام په‌یوه‌ندى باشى له‌گه‌ڵ ماڵى تاڵه‌بانى هه‌بووه‌.