کوردستان

01:08 - 15/02/2020

ته‌ڤده‌م و ئه‌نه‌كه‌سه‌ چاره‌نووسى پێشمه‌رگه‌ى رۆژیان یه‌كلانه‌كرده‌وه‌‌

پەیسەر پرێس


ئه‌گه‌رچى به‌پێى رێككه‌وتنیى نێوان ته‌ڤده‌م و ئه‌نه‌كه‌سه‌، جارێكى دیكه‌ ئه‌نه‌كه‌سه‌ باره‌گا له‌ هه‌موو شاره‌كانى رۆژئاواى كوردستان ده‌كاته‌وه‌، به‌ڵام تا ئێستا هه‌ردوولا له‌باره‌ى پێشمه‌رگه‌ى رۆژه‌وه‌ بڕیارى گه‌ڕانه‌وه‌ نه‌دراوه‌و چاره‌نووسى ئه‌و هێزه‌ ناڕوونه‌. 

شه‌لال گه‌دۆ سكرتێری حزبی چه‌پی دیموكرات به‌ په‌یسه‌ر پرێس-ی راگه‌یاند، رێككه‌وتنی ئه‌نه‌كه‌سه‌ و ته‌ڤده‌م هه‌نگاوێكی گرنگ بوو به‌ ده‌ستپێشخه‌ری مه‌زڵوم كۆبانی، بۆ یه‌كبوونی هه‌ڵوێستی كورد، گوتیشى:"بڕیاری ئه‌نه‌كه‌سه‌ش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ باره‌گاكانیان له‌ رۆژئاوای كوردستان بكه‌نه‌وه‌، بریاری كردنه‌وه‌ی باره‌گاكانیان بۆ دروستكردنی متمانه‌یه‌ له‌نێوان ئه‌نه‌كه‌سه‌ و ته‌ڤده‌م، ورده‌ورده‌ گفتوگۆیه‌كی جدی ده‌ست پێ بكرێت له‌م قۆناغه‌ مێژووییه‌دا بۆ یه‌كبوونی سیاسی كوردی له‌رۆژئاوای كوردستان".

گه‌دۆ ده‌ڵێت، باره‌گاكانی ئه‌نه‌كه‌سه‌ و پارته‌كانی ناو ئه‌و هاوپه‌یمانێتییه‌، له‌ چه‌ند شارێكی رۆژئاوای كوردستان كراونه‌ته‌وه‌، له‌ هه‌موو شاره‌كانی تریش ده‌كرێنه‌وه‌،"به‌ڵام ئه‌مه‌ كاتی زیاتری ده‌وێت، له‌ رووی سیاسی و یاساییه‌وه‌ هیچ به‌ربه‌ستێك نه‌ماوه‌ چونكه‌ خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری بریاریداوه‌ كه‌ ئه‌نه‌كه‌سه‌ هه‌موو باره‌گاكانی خۆی به‌بێ وه‌رگرتنی مۆڵه‌ت بكاته‌وه‌ و ده‌ست به‌چالاكیه‌كانی بكات".

سه‌باره‌ت به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ی رۆژ سكرتێری حزبی چه‌پی دیموكرات ده‌ڵێت، له‌م قۆناغه‌دا قسه‌ له‌سه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌كانی رۆژ نه‌كراوه‌ كه‌ هێزی ئه‌نه‌كه‌سه‌یه‌،"ئێمه‌ ئێستا كار له‌سه‌ر كردنه‌وه‌ی باره‌گاكانمان ده‌كه‌ین بۆ دروستبوونی متمانه‌، بۆ ئه‌وه‌ی گفتوگۆ بكه‌ین له‌سه‌ر دۆسیه‌ی زۆر گرنگ له‌وانه‌ش پرسی پێشمه‌رگه‌ی رۆژ و پرسی ئیداری و سیاسی".