کوردستان

06:55 - 19/02/2020

سەرۆكی لیژنەی دەستپاكی: حكومەت بۆ وەرگرتنەوەی قەرزەكانی پێنج رێنمایی دەردەكات‌

پەیسەر پرێس

شیرین ئەمین سەرۆكی لیژنەی دەستپاكی لە پەرلەمانی كوردستان بەپەیسەرپرێسی ڕاگەیاند، بەپێی یاسا مامەڵە لەگەڵ ئەو كەسانە دەكەن كە قەرزی حكومەتیان لەسەرە و پارەكەیان نەداوەتەوە، دەشڵێت بەپێی یاسا دەبێت حكومەت پێنج رێنمایی بۆ وەرگرتنەوەی ئەو پارانە لەلایەن وەزیرە پەیوەندیدارەكانەوە دەربكرێت، سەرۆكی لیژنەی دەستپاكی دەڵێت قەرزی حكومەت لەلای ژمارەیەك بەڵێندەر و وەبەرهێنەرە و هەر كەسێكیان ئامادەنەبێت پارەكە بگەرێنێتەوە بەپێی یاسا مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت.

شیرین ئەمین دەڵێت ئەوان وەك پەرلەمانی كوردستان چاودێری جێبەجێكردنی یاساكە دەكەن دەشڵێت ڕەنگە لە ڕابردوودا قورس بووبێت ئەو پارەیە لەو وەبەرهێنەر و كۆمپانیاکان وەربگیرێتەوە، بەڵام ئێستا كە ئەم یاسایە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە كارەكان بۆ حكومەت ئاسانتر دەكات.

رۆژی ١٦ی کانونی دووەمی ٢٠٢٠ پەرلەمانی كوردستان یاسای چاكسازی پەسەند كرد و تێیدا بریاریدا بەگرتنەبەری ڕێكاری پێویست بۆ وەرگرتنەوەی قەرزەكانی حكومەت لەلای وەبەرهێنەران و كۆمپانیاكان، ٤ی شوبات سەرۆكی هەرێم یاساكەی واژۆكرد و ڕەوانەی حكومەتی كرد بۆ جێبەجێكردنی.