کوردستان

04:54 - 20/02/2020

سەلیم شوشكەیی: كاندیده‌كان بۆ وه‌رگرتنى پۆسته‌ وزارییه‌كان له‌لایه‌ن عه‌لاوییه‌وه‌ دیاریكراون‌

پەیسەر پرێس

نیگه‌رانییه‌كانى چه‌ند لایه‌نێكى كورد له‌سه‌ر دیاریكردنى شێوازى دانانى كاندیده‌كان بۆ وه‌رگرتنى پۆسته‌ وه‌زارییه‌كان له‌لایه‌ن عه‌لاوییه‌وه‌ به‌رده‌وامى هه‌یه‌،  تا ئێستا ئه‌و لایه‌نانه‌ و عه‌لاوى نه‌گه‌یشتن به‌ رێككه‌وتن، سه‌رۆكى فراكسیۆنى كۆمه‌ڵیش ده‌ڵێ، كاندیدى راسپێراو بۆ پێكهێنانى حكومه‌ت سێ كوردى بۆ وه‌رگرتنى پۆسته‌كان ده‌ستنیشان كردووه‌.

سه‌لیم شوشكه‌یی سه‌رۆكی فراكسیۆنی كۆمه‌ڵی ئیسلامی به‌په‌یسه‌رپرێسی راگه‌یاند، كورد له‌چه‌ند كاتژمێری رابردوودا له‌گه‌ڵ زۆرینه‌ی لایه‌نه‌ عێراقیه‌كان دانیشتنی كردووه‌، به‌ڵام له‌ناوخۆی كوردا یه‌ك ده‌نگی نه‌بوو، كۆمه‌ڵی ئیسلامی پێی وایه‌ كاندیدی سه‌ربه‌خۆ بۆ ئه‌م قۆناغه‌ گونجاوتره‌.

شوشكه‌یی ده‌ڵێت محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوی پێی گوتوون سێ كاندیدی سه‌ربه‌خۆی كوردی بۆ سێ وه‌زاره‌ت داناوه‌ كه‌ وه‌زاره‌ته‌كانی داد و بازرگانی و دارایین، راشیگه‌یاندووه‌ ئه‌و سێ كاندیده‌ له‌كوردستان به‌سه‌ربه‌خۆی و به‌ده‌ستپاكی ناسراون، رۆژی یه‌ك شه‌ممه‌ش ناوی ئه‌و وه‌زیرانه‌ ئاشكرا ده‌كرێن.

سه‌رۆكی فراكسیۆنی كۆمه‌ڵی ئیسلامی ده‌ڵێت، پارتی پێی خۆشه‌ فواد حوسێن به‌ وه‌زیری دارایی دابنرێته‌وه‌، به‌ڵام محه‌مه‌د تۆفیق عه‌لاوی قبوڵی نیه‌.

سه‌باره‌ت به‌گروپی 15 سه‌لیم شوشكه‌یی رایگه‌یاند هه‌ڵنه‌وه‌شاوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام له‌دوای ئه‌م دۆخه‌ تازه‌یه‌ كۆبونه‌وه‌یان نه‌بووه‌.

ده‌شڵێت، تا ئێستا گروپی 15 بۆچوونه‌كانی خۆیان یه‌ك نه‌خستووه‌، به‌ڵام له‌چه‌ند كاتژمێری داهاتوودا بۆچوونه‌كانمان یه‌ك ده‌خه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی بزانن وه‌ك گروپی 15 چ بڕیارێك بده‌ن و پێشده‌چێت كۆمه‌ڵی ئیسلامی ده‌نگ به‌و سێ كاندیده‌ بدات.