کوردستان

02:22 - 22/02/2020

په‌خشان زه‌نگه‌نه‌: خۆم داواى ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌م كرد‌

پەیسەر پرێس

سه‌رۆكی پێشووی ئه‌نجومه‌نی باڵای خانمان سه‌باره‌ت به‌ نه‌مانى له‌ پۆسته‌كه‌ى ده‌ڵێت، خۆی داوای ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی كردووه‌، بڕوای به‌وه‌ نییه‌ هیچ كه‌سێك نزیكه‌ی ١٠ ساڵ له‌ پۆسته‌كه‌ی بمێنێته‌وه‌، ده‌شڵێت هیچ "به‌هه‌ده‌ردانێكی مه‌به‌ستدار" له‌بوودجه‌ی ئه‌نجومه‌نه‌كه‌ی نه‌بووه‌، ئه‌وه‌یان بۆ دروستكراوه‌ و ده‌شزانن كێی له‌پشته‌.

وه‌زاره‌تی كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی و ناوخۆ به‌دواداچوون بۆ كه‌یسی منداڵه‌كه‌ی هه‌ولێر ده‌كه‌ن

په‌خشان زه‌نگه‌نه‌ ده‌ڵێت رووداوی ده‌ستدرێژیكردنه‌ سه‌ر ئه‌و منداڵه‌ حه‌وت ساڵییه‌ی هه‌ولێر، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ مانگی نیسانی ساڵی رابردوو و ئه‌و كاته‌ به‌دواداچوونیان بۆ كردووه‌ و هه‌م له‌ لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی باڵای خانمان و هه‌م له‌ لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی به‌رەنگاربوونه‌وه‌ی توندوتیژی سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی ناوخۆ و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان،"ئه‌و كات تۆمه‌تباره‌كان ده‌ستگیركران، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێستا ده‌گوترێت كه‌ دوای چوار مانگ ئازادكراون، ئێمه‌ زانیاریمان له‌سه‌رئه‌وه‌ نیه‌، به‌ڵام وه‌زاره‌ته‌كانی ناوخۆ و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی به‌ باشی له‌و پرسه‌ چوونه‌ پێشووه‌ بۆ به‌دواداچوونی ئه‌و كه‌یسه‌".

"ده‌نگۆكان دروستكراوبوون"

ئه‌نجومه‌نى باڵاى خانمان یه‌كێك له‌و ئه‌نجومه‌نانه‌یه‌ كه‌ تۆمه‌تى گه‌نده‌ڵى و به‌ هه‌ده‌ردانى پاره‌ى له‌سه‌ره‌، چه‌ند په‌رله‌مانتارێك پێشتر گوتیان به‌ڵگه‌ى ئه‌و به‌ هه‌ده‌ردانه‌یان پێشكه‌ش كردووه‌ به‌ لیژنه‌ى ده‌ستپاكى. زه‌نگه‌نه‌ ده‌ڵێت:"ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ راست نه‌بوون، ئه‌وه‌ شتێكی دروستكراوبووه‌ و خۆمان ده‌زانین كێی له‌پشته‌وه‌ بووه‌، كه‌سانێك بوون كه‌خۆیان زۆر ده‌ترسن به‌ر ئه‌و شاڵاوی چاكسازییه‌ بكه‌ون".

سه‌باره‌ت به‌ كاریگه‌ری ململانێی سیاسی ناو حزبێكی ده‌سه‌ڵاتدار له‌سه‌ر ئاڵوگۆری پۆسته‌كه‌ی زه‌نگه‌نه‌ ده‌ڵێت، ئه‌ندامی حزبی شیوعییه‌ و سه‌ر به‌حزبێكی ترنییه‌،"وه‌ هیچ په‌یوه‌ندیه‌كم له‌گه‌ڵ هیچ حزبێك یان كه‌سێكی ناو حزبێك نیه‌، جگه‌ له‌و په‌یوه‌ندیه‌ حزبیه‌ی كه‌ له‌نێوان سیاسیه‌كان هه‌یه‌، به‌ڵام دۆستایه‌تی له‌گه‌ڵ زۆربه‌ی لایه‌نه‌كانی هه‌رێم هه‌یه‌".

"خۆم داوای ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌م كردووه‌"

په‌خشان زه‌نگه‌نه‌ گوتیشى، ئه‌و خۆی داوای ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی كردووه‌ و ئه‌وه‌ش له‌ ئه‌رشیفی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ماوه‌، ده‌شڵێت باوه‌ری به‌وه‌ نیه‌ كه‌سێك  نزیكه‌ی ١٠ ساڵ له‌ پۆستێك بمێنێته‌وه‌، هه‌روه‌ها ئه‌و ئاڵوگۆڕه‌ زۆر ئاساییه‌ و به‌نموونه‌ وه‌زیر هه‌ر چوار ساڵ جارێك ده‌گۆڕدرێت.

باسیله‌وه‌كرد، ئه‌و هه‌ر خۆی و فه‌رمانبه‌رێك به‌ یه‌ك كۆمپیته‌ری سه‌رمێز و یه‌ك مێز و یه‌ك ژوور له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ده‌ستی به‌ كار كردووه‌، به‌ڵام له‌ رۆژی ده‌ورو ته‌سلیم سه‌رباری هه‌موو ئه‌و سه‌ختیانه‌ی هاتوونه‌ته‌ به‌رده‌میان دامه‌زراوه‌یه‌كیان راده‌ستكرده‌وه‌.