کوردستان

03:31 - 06/03/2020

سەركردەیەكی سوننە: نزیك بوونەوەمان لەگەڵ كورد هەیە‌

پەیسەر

ڕەعد دەهلەكی سەركردە لە هاوپەیمانیەتی هێزە عێراقیەكان و ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە پەیسەرپرێسی راگەیاند، كێشەكانی عێراق بە بن بەست نەگەیشتوون چونكە هێشتا ئەو ١٥ رۆژە كۆتایی نەهاتووە بۆ ئەوەی سەرۆك كۆمار كەسێك بۆ پێكهێنانی كابینەی حكومەت رابسپێرێت و ئەو ١٥ رۆژە لە یەك شەممەی رابردووەوە دەستی پێكردووە، پێشی وایە، لەچەند رۆژی كەمی داهاتوودا كاندیدی سەرۆك وەزیران دیاری دەكرێت.


سەبارەت بە نزیك بوونەوەی كورد و سوننە لەدژی چەند لایەنێكی شیعە دەهلەكی دەڵێت، لەراستیدا نزیك بوونەوەیەكی كوردی سوننی هەیە لەم قۆناغەدا ئێمە شانازی بەم نزیكبوونەوەیە دەكەین، بۆچونەكانمان بۆ قۆناغی داهاتوو لەیەكەوە نزیكە.


سەبارەت بەدروستكردنی هەرێمی سوننەش دەهلەكی رایگەیاند، دروستكردنی هەرێمی سونە یەكێكە لەبژاردەكان لەساڵی ٢٠١٠ و بۆچونێكی نوێ نیە و بژاردەیەكی دەستوریە و پێچەوانەی دەستور نیە، ئەگەر سوننە پێیان وابێت كە ئاسایش و سەقامگیریان و یەكگرتووی وڵات لەرێگەی دروستكردنی هەرێمەوە دەبێت ئەوە پەنای بۆ دەبەن، دەشڵێت، بژاردەی عێراقێكی یەكگرتوو بەباشتر دەزانن بەجۆرێك هەموو هاوڵاتیان وەك هاوڵاتی پلە یەك مامەڵەیان لەگەڵ بكرێت.


سەبارەت بەهەوڵی چەند لایەنێكی شیعەش بۆ هەمواری دەستور بەپێی خواستی خۆیان دەهلەكی گوتی، "هەمواری دەستور هەنگاوێك نیە بە میزاجی چەند كوتلەیەكی سیاسی دیاریكراو بێت بەڵكو ئەگەر بەرەو هەمواری دەستور رۆیشتین دەبێت ئەو خاڵە نەرێنیانە هەموار بكەینەوە كە عێراقی لاواز كردووە و دۆخی سیاسی عێراقیان خراپ كردووە، من بەراشكاوی پێت بڵێم دژی ئەوەین ناوەندگەرایی بگەرێتەوە و دەسەڵاتی ناوەندی هاوشێوەی پێشوو دروست بێتەوە یان عێراق ببێتە سیستمی سەرۆكایەتی ئێمە لەگەڵ ئەوەنین هەموو دەستور بگۆردرێت یان كرۆك و ناوەرۆكەكەی دەستكاری بكرێت، ئێمە پشتیوانی لامەركەزیەت دەكەین، دەبێت هەمواری دەستور لەپێناوی بەرژوەندی گەلی عێراق بێت نەك گەرانەوەی دیكتاتۆریەت و ناوەندگەرایی."