کوردستان

01:10 - 11/03/2020

دانا عه‌بدولكه‌ریم: مووچه‌ى مووچه‌خۆرانى هه‌رێمى كوردستان ئه‌وله‌ویه‌تى حكومه‌ته‌‌

پەیسەر پرێس

دانا عه‌بدولكه‌ریم وه‌زیرى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان سه‌باره‌ت به‌ مه‌ترسى دابه‌زینى نرخى نه‌وت رایده‌گه‌یه‌نێت، به‌ دڵنیاییه‌وه‌ دابینكردنى مووچه‌ى مووچه‌ خۆرانى هه‌رێمى كوردستان ئه‌وله‌ویه‌تى حكومه‌ته‌و فه‌رمانبه‌ران دڵنیا ده‌كه‌نه‌وه‌، كه‌ مووچه‌ وه‌ك خۆى ده‌مێنێته‌وه‌.

دانا عه‌بدولكه‌ریم له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ هاوڵاتى ده‌ڵێت:"مووچه‌ له‌ سێ سه‌رچاوه‌وه‌ دابین ده‌كرێت، به‌شێكى له‌ به‌غداوه‌ دێت، به‌شێكى داهاتى نه‌وته‌ و به‌شه‌كه‌ى دیكه‌ داهاتى ناوخۆیه‌، ئه‌گه‌ر داهاتى ناوخۆ و داهاتى نه‌وت كه‌م بكات، كاریگه‌رى له‌سه‌ر تواناى دارایى حكومه‌ت ده‌بێت، به‌ڵام ئه‌ولەویه‌تى حكومه‌تى هه‌رێمه‌ كه‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك كاریگه‌رى له‌سه‌ر مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران نه‌كات، ئومێده‌واریشین كاریگه‌رى له‌سه‌ر مووچه‌ نه‌بێت، به‌ڵام كه‌مبوونه‌وه‌ى ئه‌و دوو داهاته‌ كاریگه‌رى له‌سه‌ر پرۆژه‌و كارى خزمه‌تگوزارى ده‌بێت به‌ دڵنیاییه‌وه‌".

سه‌باره‌ت به‌ كه‌مكردنه‌وه‌ى خه‌رجییه‌ نا پێویسته‌كان وه‌زیرى ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ ده‌ڵێت، هێشتا نه‌چوونه‌ته‌ ئه‌و ورده‌كارییه‌وه‌، دواتر رێنمایى ده‌رده‌چێت و به‌پێى ئه‌و رێنماییانه‌ كارده‌كرێت و لیژنه‌یه‌كى باڵاى بۆ پێكهێندراوه‌ بۆ مه‌سه‌له‌ى قه‌یرانى دارایى، ئه‌گه‌ر دروست ببێت،"تا ئێستا ئه‌ندام نیم له‌و لیژنه‌یه‌، به‌ڵام به‌ ته‌ئه‌كید رێنمایى بۆ ئه‌و بابه‌ته‌ ده‌رده‌چێت، به‌هه‌ر حاڵ حكومه‌تى هه‌رێم هه‌وڵ ده‌دات كاریگه‌رى له‌سه‌ر مووچه‌ دروست نه‌بێت".