کوردستان

04:33 - 13/03/2020

وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ چاوه‌ڕێى شاندێكى وه‌زاره‌تى به‌رگرییه‌‌

پەیسەر پرێس

تا ئێستا وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ و وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق نه‌گه‌یشتوونه‌ته‌ رێككه‌وتن، سه‌باره‌ت به‌ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان و بوودجه‌و چه‌كى پێشمه‌رگه‌، وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ چاوه‌ڕێى گه‌یشتنى شاندى وه‌زاره‌تى به‌رگرى ده‌كات. جێگری سه‌رۆك ئه‌ركانی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ ده‌ڵێت:"به‌هیچ شێوه‌یه‌ك بۆ رێككه‌وتن وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ كه‌مته‌رخه‌می نه‌كردووه‌".

سه‌ره‌تای ٢٠١٩ دوو لیژنه‌ دروستكران بۆ هه‌ماهه‌نگی نێوان هه‌ردوو وه‌زاره‌ت، یه‌كێكیان له‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌، ئه‌وی تریان له‌ وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق بوون، ئه‌و لیژنانه‌ چه‌ند كۆبوونه‌وه‌یه‌كان كرد، ٢-٦-٢٠١٩ دوایین كۆبوونه‌وه‌یان كرد. جێگری سه‌رۆك ئه‌ركانی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ به‌ په‌یسه‌ر پرێس-ى راگه‌یاند،  له‌گه‌ڵ وه‌زیرى نوێى پێشمه‌رگه‌ دووجار سه‌ردانی به‌غدای كردووه‌،"له‌ هه‌ردوو كۆبوونه‌وه‌كه‌ داواكرا ئه‌و لیژنانه‌ كارابكرێنه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌نه‌ ئه‌نجامێك، ئه‌و دوولیژنه‌یه‌ی هه‌بوون چه‌ند لیژنه‌یه‌كی لاوه‌كیان دروستكرد، بۆ روپێوكردنی هه‌موو ئه‌و ناوچانه‌كان و لیژنه‌ لاوه‌كیه‌كان كاره‌كانی خۆیان ته‌واو كرد و دایان به‌ لیژنه‌ باڵاكان".

گوتیشى، له‌دوایین كۆبوونه‌وه‌ی وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ بۆ به‌غداد بڕیاردرا كه‌ شاندێكی وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق، سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان بكات به‌ڵام نه‌هاتن. وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ چاوه‌رێی هاتنیان ده‌كه‌ن.

ئاگاداری جموجوڵی داعشین

لیواقاره‌مان ده‌ڵێت وه‌ك وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌،"زۆر باش ئاگادارین كه‌ داعش ده‌ستیان به‌جموجوڵ كردووه‌ته‌وه‌ له‌ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان، به‌ڵام ئه‌مه‌ ده‌بێت لایه‌نی عێراق و پێشمه‌رگه‌ رێككه‌وتن بكه‌ن بۆ رووبه‌رووبونه‌وه‌ی داعش له‌و ناوچانه‌، به‌بێ رێككه‌وتن نه‌ پێشمه‌رگه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ و نه‌دۆخه‌كه‌ ئارام ده‌بێته‌وه‌".

پێشمه‌رگه‌ و سوپا پێنج جۆر هاوكاریان له‌نێواندابووه‌

به‌ چه‌ند جۆرێك پێشمه‌رگه‌ و سوپا هه‌ماهه‌نگییان له‌ نێواندا هه‌بووه‌، له‌وانه‌ش بازگه‌ی هاوبه‌ش، هێزی هاوبه‌ش، ژووری ئۆپه‌راسیۆن، لیژنه‌ی باڵا و لیژنه‌ی كاری هاوبه‌ش،  به‌ڵام ئه‌و هه‌ماهه‌نگییه‌ له‌ دوای ١٦ی ئۆكتۆبه‌ر نه‌ماوه‌ و هه‌ماهه‌نگیه‌كان وه‌ستاون و ده‌بێت ئه‌مه‌ جارێكی تر دابڕێژرێته‌وه‌.

هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی عێراق سه‌ركه‌وتوو نه‌بوون له‌ ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی داعش

لیوا قاره‌مان ده‌ڵێت دۆخه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌كه‌، نه‌ ئه‌وه‌یه‌ هێزه‌ ئه‌منیه‌كانی عێراق بتوانن ئه‌و ناوچانه‌ بپارێزن، نه‌ ئه‌وه‌یه‌ هه‌مه‌هه‌نگی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ بكه‌ن بۆ پاراستنی ئه‌و ناوچانه‌، زۆر جار دانیشتوانی ئه‌و گوندانه‌ داوای به‌هاناوه‌چوونیان له‌ حه‌شدی شه‌عبی یان هێزێكی ئه‌منی تری عێراق كردووه‌، به‌ڵام به‌هانایانه‌وه‌ نه‌چوون.

گوتیشى:"ئێستا پێویستمان به‌وه‌یه‌ ئه‌و بۆشاییانه‌ كه‌م بكه‌ینه‌وه‌ كه‌ له‌نێوان ئێمه‌ و هێزه‌ عێراقیه‌كاندا هه‌یه‌، بۆ ئه‌وه‌ی داعش به‌ئاره‌زووی خۆی له‌م نێوانه‌دا چالاكیه‌كانی نه‌كات و خۆی رێكنه‌خاته‌وه‌ .عێراق چه‌ندین هێزی ئه‌منی هه‌ن وه‌ك حه‌شدی شه‌عبی، سوپای عێراق، پۆلیسی فیدراڵی، پۆلیسی خۆجێی، هێزی ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی خێرا و به‌رنگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر، یه‌ك هێز نین، ئێمه‌ نازانین چۆن مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ بكه‌ین".