کوردستان

06:22 - 16/03/2020

دادگاییکردنی داعشەکان: هیچ وڵاتێک خۆی ناکات بە خاوەنی دۆسیەکە!‌

بە هەزاران چەکداری تیرۆریستی داعش لە زیندانەکانی باکوور و ڕۆژهەلاتی سوریا چاوەڕێ ئەوە دەکەن دادگاییبکرێن. لەبەرئەوەی تا ئێستا دادگایینەکراون، کێشەیەکی زۆر بۆ بەڕێوەبەرایەتی ڕۆژئاوای کوردستان دروست بووە. کەمی پێداویستیەکانی بەڕێوەبرایەتی ڕۆژئاوا و بچووکی زیندانەکان بووەتە هۆکاری ئەوەی داعشیەکان کێشە دروست بکەن.

زیندانەکان هەموویان لەژێر چاودێری بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری دیموکراتیدان. ئاسایشی زیندانەکانیش لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕۆژئاوا و هێزەکانی سوریای دیموکراتیەوە دەپارێزرێن.

زیندانی ناوەندی حەسەکە
زیندانی ناوەندی حەسەکە دوای ئەوەی ژمارەی دیلەکانی داعش زیادیکرد لە لایەن هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش دروستکردا. ئاسایشی حەسەکە ئاسایشەکەی دەپارێزێت. لە زیندانەکەدا نزیکەی ٤ هەزار ئەندامی داعش ڕاگیراون. بەشێک لەوانیش ئەندامی گروپی بە ناو (سوپای ئازادی سوریا) و (ئەلنوسرەن). زۆربەیان خەڵکی عێراق و سوریان.

 

بەشێکیان لە لایەن دادگای گەلی ڕۆژئاواوە لە ساڵی ٢٠١٤ دا دادگاییکراون و سزایان بەسەردا سەپێنراوە. بە گشتی لە هەر قاوشێکدا ٥٠ کەس هەیە. سیستمی زیندانەکە بە پێی پێوانە نێودەوڵەتیەکان بەڕێوەدەبرێت. دەتوانن لەگەڵ خانەوادەکانی خۆیان چاوپێکەوتن ئەنجام بدەن.

دان بە تاوانەکانیاندا نانێن
جگە لەوانەی لەکاتی ئەنجامدانی تاواندا دەستگیرکراون و دادگاییکراون و سزایان بەسەرداسەپێنراوە، هەموویان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە تاوانیان ئەنجامنەداوە و بە تەنها لەو شار و ناوچانە نیشتەجێبوون کە لەژێر کۆنتڕۆڵی داعشدا بووە و بەشداریان لەشەڕدا نەکردووە. بەو هۆیەوە بەرپرسانی ئەمنی ڕۆژئاوای کوردستان بە بەردەوامی بەدوای کۆکردنەوەی زانیاری لەسەر دیلەکاندا دەگرێن.

هەندێک لەوانیش لەگەڵ ئەوەی تاوانەکانیان ڕەتدەکەنەوە بەڵام هەندێک گرتەی ڤیدیۆی و وێنە کەوتووەتە دەستی دژە تیرۆری ڕۆژئاوای کوردستان کە بە ئاشکرا دەردەکەوێت خەڵکی مەدەنیان کوشتووە و دەستیان لە کۆمەڵکوژیەکاندا هەیە و ئەو کەسانە لە لایەن دادگای دژە تیرۆری ڕۆژئاواوە سزای هەتاهەتاییان بەسەرداسەپێنراوە.

بەشێکیان ئەو دڕەندییەی کە ئەنجامیانداوە دەپارێزن و دەڵێن پەشیمان نین
هەندێک لەو دیلانە دەڵێن پەشیمان نین و تا ئێستاش پەیوەستن بە ئایدۆلۆژیای داعشەوە و ڕۆژێک داعش ڕزگاریان دەکات، بەڵام بە گشتی زیندانیان داوا دەکەن لە زیندانەکانی ڕۆژئاوادا بمێننەوە و ڕادەستی ئەو وڵاتانە نەکرێن کە لێی هاتوون، لەبەرئەوەی ئەگەری هەیە لەسێدارەبدرێن.

 

هەندێکیان بانگەشەی ئەوەیان کردووە کە داعش هیچ تاوانێکی نەکردووە، بەڵام کاتێک دیمەنی ڤیدیۆیی کوشتنی بە کۆمەڵ و سەربڕینیان پیشاندەدەن، دەڵێن، ئەوانە کافرن و سزای خۆیان وەرگرتووە و بەرگری لە دڕندەیی داعش دەکەن.

زانکۆ کۆنەکەی حەسەکە
بە هۆی زۆری دیلەکانی داعش زانکۆ کۆنەکەی حەسەکە وەک زیندان بەکاردەهێنرێت. زۆربەی دیلەکان ئەو کەسانەن کە لە باغۆز خۆیان ڕادەستی شەڕڤانان کردبوو. ئەو زیندانە قەڵەباڵغترین زیندانی ڕۆژئاوای کوردستانە. زیاتر لە ٥ هەزار دیلی داعشی تێدایە.

خواردن و جلوبەرگ و پێداویستیەکان ڕاستەوخۆ لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری دیموکراتیەوە دابین دەکرێت. بە پێچەوانەی زیندانی ناوەندی حەسەکە، ئاسایشی زیندانەکە لە لایەن شەڕڤانانی هێزەکانی سوریای دیموکراتیەوە دابیندەکرێت. لە هەندێک قاوش ١٠٠ و لە هەندێکیشیان ١٥٠ کەس زیندانیکراون. زیندانەکە بۆ ٥ هەزار کەس بچووکە و کێشەی تەندروستی و ئەمنی دروست بووە.

 

مەترسیەکی زۆر گەورە هەیە و ئەگەر زیندانەکە گەورە نەکرێت یان بەشێکیان بۆ زیندانەکانی تر نەگوازرێنەوە، مەترسی ڕاپەرین و هەڵهاتن دروست دەبێت.

هەروەها هەندێک نەخۆشی ڕاگوێزراویش دەرکەوتوون کە بووەتە هۆی مردنی هەندێکیان. لەو زیندانەدا زۆر جار هێرش کراوەتە سەر شەڕڤانان و ڕۆژنامەنووسان. لەبەرئەوەش سەردانی ڕۆژنامەنووسان قەدەغەکراوە.

جیهان خۆی بێدەنگ کردووە
لە کاتێکدا کە هێزە کوردیەکانی ڕۆژئاوا پێشەنگایەتی شەڕی دژی داعشیان کرد و توانیان داعش لەسەر خاکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کۆتاییبهێنن، بەڵام دەوڵەتان ئامادەنین، داعشیەکانی وڵاتەکانیان وەربگرنەوە.

بەڕێوەبەرایەتی خۆسەری دیموکراتی چەندین جار داوای کردووە کە دادگایەکی نێودەوڵەتی دروست بکرێت و داعشەکان سزای خۆیان وەربگرن، بەڵام تا ئێستا هیچ وڵاتێک بەدەم ئەو داواکاریەوە نەچووە. ئەوەش لە کاتێکدایە کە ڕۆژئاوای کوردستان لە قەیراندایە و ناتوانێت لە ڕووی تەندروستی و ئەمنیەوە بە باشی دۆخەکە ڕابگرێت و ئەوەش بووەتە هۆی تێکچوونی دۆخی زیندانیان. ئەوەش وادەکات زیندانیان زیاتر ڕادیکاڵ ببن و مەترسی دروست بکەن.