کوردستان

10:30 - 21/03/2020

ته‌ندروستی سلێمانی: رێكاره‌كان جێبه‌جێبكرێن وه‌ك چین زاڵ ده‌بین به‌سه‌ر كۆرۆنادا‌

پەیسەر پرێس

دكتۆر هێرشی سه‌ید سه‌لیم جێگری به‌رێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی سلێمانی به‌ په‌یسه‌ر پرێس-ی راگه‌یاند، ئه‌گه‌ر رێكاره‌كان توندتر نه‌كرێت حاڵه‌تی توش بوون به‌ كۆرۆنا زیاد ده‌كات، ده‌شڵێت هیچ ئامارێك له‌ خه‌ڵك ناشارنه‌وه‌ و ئه‌وه‌ی هه‌بێت رایده‌گه‌یه‌نن بۆئه‌وه‌ی خه‌ڵك بزانێت كه‌ چه‌ند بڵاوبووەته‌وه‌.

دكتۆر هێرش گوتیشى:"هیچ هاوكارییه‌كی ئه‌وتۆمان له‌ هیچ شوێنێكه‌وه‌ بۆ نه‌هاتووه‌،. به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ته‌نها نه‌هێشتنی یه‌ك رۆژ قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ ژماره‌ی توش بووانی زۆر زیاد ده‌كات، بۆیه‌ هه‌تا بۆمان بكرێت رێكاره‌كان توند ده‌كه‌ین".

جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی سلێمانی هۆشداری ده‌دا و ده‌ڵێت، په‌یامه‌كه‌یان روونه‌ بۆ خه‌ڵك و ئه‌وه‌یه‌ كه‌ رێوشوێنه‌كان توند بكه‌ن خۆئه‌گه‌ر بێ باك بن، له‌ جێبه‌جێكردنی رێنماییه‌كان"به‌ دڵنیاییه‌وه‌ كاره‌سات ده‌خولقێنن، حاڵه‌تیش زۆر زیاد ده‌كات".

جه‌ختیكرده‌وه‌:"ئه‌گه‌ر رێكاره‌كان وه‌ك خۆی جێبه‌جێ بكرێن، ئه‌وه‌ چۆن چین توانی كۆنتڕۆڵی نه‌خۆشییه‌كه‌ بكات ئێمه‌ش زاڵ ده‌بین، ئه‌گه‌ریش خوانه‌خواسته‌ له‌هه‌ر شوێنێك سه‌رپێچی هه‌بێت، به‌دڵنیاییه‌وه‌ كاره‌ساتی گه‌وره‌ی لێده‌كه‌وێته‌وه‌".هه‌روه‌ها پێشنیار ده‌كات تا 1-4  قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ به‌رده‌وام بێت، دوای ئه‌وه‌ش سه‌یری بارودۆخه‌كه‌ بكرێت ئه‌گه‌ر له‌ ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی به‌رده‌وامدا بێت، ئه‌وه‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌ ده‌بێت داوای درێژكردنه‌وه‌ی بكرێت.