کوردستان

04:10 - 22/03/2020

خوێندنى ئه‌مساڵ چى به‌سه‌ردێت؟‌

پەیسەر پرێس

هه‌ڵكشانى زیاترى مه‌ترسییه‌كانى ڤایرۆسى كۆرنا، چاره‌نووسى خوێندى ئه‌مساڵى خستووه‌ته‌ گێژاوه‌وه‌، ملیۆنێك و ٧٠٠ هه‌زار خوێندكار چاوه‌ڕێى روونبوونه‌وه‌ى دۆخه‌كه‌ ده‌كه‌ن و به‌رچاو روونییان نییه‌، ته‌نانه‌ت وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ و حكومه‌تیش چاوه‌ڕێى رووداوه‌كانى داهاتوو ده‌كه‌ن، نازانن به‌پێى كام پلان خوێندنى ئه‌مساڵ ساغ ده‌كه‌نه‌وه‌، به‌ڵام وه‌زیرى په‌روه‌رده‌ دڵنیایى ده‌دات، چه‌ند سیناریۆیه‌ك بۆ چاره‌سه‌رى دۆخه‌كه‌ هه‌ن.

خوێندكاران له‌ هه‌رێمى كوردستان له‌ ده‌ستپێكى تاقیكردنه‌وه‌ى یه‌كه‌مى وه‌رزى دووه‌مدا بوون، به‌ڵام وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ به‌ ناچارى له‌ ٢٦ى شوبات ده‌وامى راگرت، به‌پێى دوایین بڕیارى حكومه‌ت تا رۆژى ٢٨ی ئه‌م مانگه‌ پشوو راگه‌یه‌ندراوه‌، ئه‌گه‌ر له‌و رێككه‌وته‌ ده‌وامى په‌روه‌رده‌ ده‌ست پێ بكات، به‌پێى روونكردنه‌وه‌ى وه‌زاره‌ت ته‌نها ١٤ رۆژ له‌ كیس ده‌چێت. به‌ڵام هه‌موو ئاماژه‌كان به‌ره‌و ئه‌وه‌ن كه‌ پشووى كۆرۆنا ئه‌و كاته‌ش تێده‌په‌ڕێنێت و زیاتر درێژ ده‌بێته‌وه‌.

ستاندارى جیهانیى

به‌پێى ستاندارى رێكخراوى یونسكۆ ١٦٨ رۆژ دیاریكراوه‌ بۆ هه‌ر ساڵێكى خوێندن، له‌ هه‌مان كات ئه‌گه‌ر ٤٥ رۆژ لەسەر یەک ده‌وام رابگیرێت ئه‌وا خوێندنى ئه‌و ساڵه‌ ته‌واو نییه‌. وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ له‌گه‌ڵ رێكخراوى یونسكۆ هه‌ماهه‌نگییان كردووه‌و رێكاره‌كانیان بۆ روونكردوونه‌ته‌وه‌. پێناچێت ستاندارى جیهانى مه‌ترسى جددى بن له‌سه‌ر ساڵى خوێندن، ساڵى خوێندنى ٢٠١٥-٢٠١٦ به‌هۆى بایكۆته‌وه‌ به‌ درێژایى ساڵه‌كه‌ ١٣٨ رۆژ ده‌وامكراو ساڵه‌كه‌ تێپه‌ڕیى. دۆخى نا ئاسایى جیهان به‌ جۆرێكه‌ ئێستا ٨٥٠ ملیۆن خوێندكار له‌ جیهاندا له‌ خوێندن دابڕاون.

وه‌زاره‌ت چى ده‌كات؟

وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان چه‌ند پلانێكى داناوه‌، بۆ ئه‌گه‌رى كردنه‌وه‌ى ده‌وام له‌ ٢٨ی مانگ، ئه‌گه‌ر پشووه‌كه‌ زیاتر درێژ بووه‌وه‌ بۆ مانگى چوار، ئه‌گه‌ر له‌وه‌ش زیاتر درێژبوویه‌وه‌، ناوه‌رۆك و ورده‌كارى پلانى وه‌زاره‌ت روون نین، به‌ڵام بۆ هه‌ر یه‌كێك له‌و ئه‌گه‌رانه‌ چاوه‌ڕێى دۆخه‌كه‌ و دوا بڕیارى حكومه‌ت ده‌كه‌ن، به‌رپرسانى وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ ئاماده‌ نین له‌سه‌ر ورده‌كارى ئه‌و پلانانه‌ و چاره‌نووسى خوێندنى ئه‌مساڵ قسه‌ بكه‌ن.

وه‌زیرى په‌روه‌رده‌ وه‌ڵامى په‌یوه‌ندییه‌كانى په‌یسه‌رى نه‌دایه‌وه‌، به‌رپرسێكى وه‌زاره‌ته‌كه‌ بۆ په‌یسه‌ر گوتى، ئه‌وان چاوه‌ڕێى ئاساییى بوونه‌ى دۆخه‌كه‌ن و بۆ چاره‌نووسى خوێندن و كردنه‌وه‌ى ده‌وامیش، بڕیار له‌ ده‌ستى وه‌زاره‌ت نه‌ماوه‌و ته‌نها ئه‌وه‌یان له‌سه‌رە چاوه‌ڕێى بڕیارى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران بكه‌ن.

هه‌رچى سه‌باره‌ت به‌ وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵایه‌، عه‌باس ئه‌كره‌م گوته‌بێژى وه‌زاره‌ته‌كه‌ بۆ په‌یسه‌ر گوتى، ئه‌وان تا یه‌كى نیسان پشوویان راگه‌یاندووه‌و به‌ هه‌مان شێوه‌ چاوه‌ڕێى بڕیارى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانن بۆ ده‌وام یاخود درێژكردنه‌وه‌ى پشوو، به‌ڵام ئه‌وه‌ى بڕیاره‌كه‌ یه‌كلا ده‌كاته‌وه‌، روونكردنه‌وه‌كانى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستین.

له‌ دوایین كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران تاوتووێى چوار پلان كراوه‌ بۆ خوێندنى ئه‌مساڵ و له‌ كاتى پێویست بۆ هه‌ر یه‌كێك له‌و پلانانه‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران خۆى بڕیار له‌ باره‌یه‌وه‌ ده‌دات، ئایا تاقیكردنه‌وه‌ى یه‌كه‌مى وه‌رزى دووه‌م چى لێ بكه‌ن؟ كه‌مكردنه‌وه‌ى مه‌نهه‌ج و پشووى هاوینه‌ بژارده‌ن. وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ ئه‌م ماوه‌ ته‌له‌فیزیۆنى په‌روەرده‌یى چالاك كردووه‌و له‌وێ وانه‌كان په‌خش ده‌كرێن، به‌هیواى ئه‌وه‌ى خوێندكاران به‌ یه‌كجاریى دانه‌بڕێن و رێگایه‌كى یارمه‌تیده‌ر بێت بۆ خوێندنى وانه‌كان به‌ خێرایى له‌ داهاتوودا. وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ پرۆژه‌ى هه‌وره‌ فێرگه‌شى وه‌ك میكانزیمى هاوكاریى راگه‌یاندووه‌.

چه‌ند رێگه‌یه‌ك

وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ له‌به‌رده‌م چه‌ند بژارده‌یه‌كدایه‌ بۆ چاره‌سه‌رى خوێندنى ئه‌مساڵ، له‌وانه‌ش كه‌مكردنه‌وه‌ى مه‌نهه‌ج و كه‌مكردنه‌وه‌ى پشووى هاوین، كه‌ ره‌نگه‌ به‌ ناچارى ئه‌و چاره‌سه‌رانه‌ تاقى بكانه‌وه‌. ئه‌رسه‌لان تۆفیق شاره‌زاى كارووبارى په‌روه‌رده‌ بۆ په‌یسه‌ر قسه‌یكردوو پێى وایه‌، ده‌كرێت ئەو وانانه‌ى لاوەکین لاببرێن، لە نموونەی پەروەردەی مەدەنی، ئاین، وەرزش، هونەر، کارامەیی، مافی مرۆڤ. بۆ ئه‌وه‌ى قه‌ره‌بووى ئه‌و ماوه‌ بكرێته‌وه‌ له‌ كیس چووه‌.

گوتیشى:"پاشان کەمکردنەوەی ئەو بابەتانەی كه‌ كه‌مكردنه‌وه‌یان زیان لە قۆناغی داهاتوو نادەن، لەگەڵ ڕێنمایی تەواوی پزیشکی و خاوێن ڕاگرتن، لابردنی حانووت، لابردنی پاسی هاتوچۆ، کەمکردنەوەی  دەوام ، دانانی سێ تا چوار دەرسی ڕۆژانە".

وه‌زیرى په‌روه‌رده‌ چه‌ند رۆژى رابردوو دڵنیاییدا كه‌ هیچ بابه‌تێك له‌ تاقیكردنه‌وه‌ نایه‌ته‌وه‌، كه‌ ئه‌گه‌ر نه‌خوێندرابێت. به‌پێى گوته‌ى وه‌زیر بێت كه‌مكردنه‌وه‌ى بابه‌ته‌كان و ته‌رككردنى به‌شێكیان یه‌كێكه‌ له‌ بژارده‌كانى به‌رده‌ستیان.

به‌پێى ساڵنامه‌ى خوێندنى وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ ده‌بێت لە ٩ تا ١٨ی پێنج تاقیكردنه‌وه‌كانى وه‌رزى دووه‌مى قۆناغى بنه‌ڕه‌تى و ئاماده‌یى جگه‌ له‌ قۆناغى ١٢ كۆتاییان هاتبێت، له‌ كاتێكدا هێشتا تاقیكردنه‌وه‌ى یه‌كه‌مى وه‌رزى دووه‌م نه‌كراوه‌، بۆیه‌ وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ جگه‌ له‌ گۆڕینى ئه‌و ساڵنامه‌یه‌ و درێژكردنه‌وه‌ى وه‌رزى خوێندن، هیچ بژارده‌یه‌كى له‌ به‌رده‌مدا نه‌ماوه‌ته‌وه‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ى كه‌ به‌رپرسانى حكومه‌ت و وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ش زۆر جه‌ختى لێ ده‌كه‌نه‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ خوێندنى ئه‌مساڵ نافه‌وتێت و ره‌چاوى ناله‌بارى دۆخه‌كه‌ش ده‌كه‌ن بۆ خوێندكاران.