کوردستان

07:39 - 22/03/2020

زانیاری ورد ده‌رباره‌ی ده‌رمانه‌كه‌ی سلێمانی بۆ چارەسەری كۆرۆنا‌

پەیسەر پرێس

ئەمڕۆ هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر پارێزگارى سلێمانى مژده‌ى دورستكردنى ده‌رمانى دژى كۆرۆناى له‌ سلێمانى دا به‌ خه‌ڵكیى، پارێزگار گوتى، كۆمپانیای پایۆنێر كارده‌كات بۆ ئه‌وه‌ى مانگى داهاتوو ده‌رمانه‌كه‌ ئاماده‌ بكرێت و به‌گوته‌ى ئه‌و، بێ به‌رامبه‌ر ده‌درێت به‌ نه‌خۆشه‌كان. به‌رپرسانى ته‌ندروستى ده‌ڵێن، ده‌رمانه‌كه‌ گرنگه‌ و سه‌ركه‌وتووبووه‌، به‌ڵام چاره‌سه‌رى تایبه‌تى كۆرۆنا نییه‌.

ده‌رمانه‌كان بریتییه‌ لە (Hydroxychloroquine Sulphate 200 mg tablet)، سەرباری ئامادەكراوی (Azithromycin). بەرھەمەكە لەناو لیستی ئامادەكراوانی كۆمپانیاكەدایه‌ بەناوی (Zitroneer 500 mg).

دكتۆر هێرش سه‌ید سه‌لیم جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ته‌ندروستی سلێمانی به‌ په‌یسه‌ر پرێس-ی راگه‌یاند، ئه‌و ده‌رمانه‌ی ئه‌مڕۆ كۆمپانیای پایۆنێر رایگه‌یاند، ده‌رمانی مه‌لاریایه‌ و پێشتر كۆمپانیاكه‌ جۆرێكی دروستكردووه‌، به‌ڵام ئێستا جۆری دووه‌می ده‌رمانه‌كه‌ دروست ده‌كات، به‌ڵام مه‌رج نییه‌ هه‌موو نه‌خۆشێك پێویستی به‌و ده‌رمانه‌ هه‌بێت و كه‌سێك نه‌گاته‌ دۆخێكی خراپ، ئه‌و ده‌رمانه‌ی بۆ به‌كارناهێندرێت.

دكتۆر هێرش ده‌ڵێت:"ئه‌و ده‌رمانه‌ هه‌م خۆپارێزییه‌ و هه‌م چاره‌سه‌ره‌ و له‌ فه‌ره‌نسا و چین و له‌ شوێنی تریش تاقیكراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی ده‌رمانه‌كه‌ كاریگه‌ری لاوه‌كیشی هه‌یه‌ بۆیه‌ زۆر به‌ وریاییه‌وه‌ به‌كارده‌هێندرێت. تا ئێستا لێكۆڵینه‌وه‌ له‌وه‌ ده‌كرێت كه‌ ئایا ئه‌وه‌ چاره‌سه‌ری كۆرۆنا ده‌كات به‌ته‌واوه‌تی یان نا، به‌ڵام به‌شێكه‌ له‌و ده‌رمانه‌ی بۆ چاره‌سه‌ری كۆرۆنا به‌كارده‌هێندرێت".

لای خۆیه‌وه‌ دكتۆر هێرش حه‌یده‌ر حه‌مه‌ عه‌لی لیژنەی سه‌رپه‌رشتیاری رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا، له‌ سلێمانی به‌ په‌یسه‌ر پرێس-ی راگه‌یاند، ئه‌و ده‌رمانه‌ نوێیه‌ Hydroxychloroqiune یه‌كێكه‌ له‌و هه‌وڵانه‌ی له‌ جیهاندا كراوه‌، ده‌گوترێت له‌ زۆربه‌ی وڵاتان سودی لێوه‌رگیراوه‌، ئه‌م ده‌رمانه‌ به‌ته‌واوه‌تی نه‌سه‌لمێندراوه‌ كه‌ چاره‌سه‌ری كۆرۆنایه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا زۆر ده‌رمانی تر هه‌ن له‌وانه‌ش ده‌رمانه‌كانی دژه‌ ئایدز، ئه‌ویش سودی هه‌یه‌ و له‌ زۆربه‌ی وڵاتان كاریگه‌ری باشی هه‌بووه‌.

گوتیشی:"جگه‌ له‌وه‌ی ده‌رمانی دژه‌ ئه‌نفلۆنزای ئاسایی ئه‌ویش له‌چه‌ند شوێنێك سودی باشی هه‌بووه‌، ئێمه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی گشتیی له‌كوردستان Hydroxychloroqiune كه‌متر به‌كارمان هێناوه‌، ئێمه‌ زیاتر تارانتامان به‌كارهێناوه‌، زۆر باشتره‌ له‌ ده‌رمانه‌كانی تر و زیاتر نه‌خۆشه‌كان به‌وه‌ ته‌ندروستییان باشتر بووه‌، ئه‌وه‌ی پایۆنێر ده‌ڵێت به‌رهه‌می ده‌هێنێت Azithromycin دژه‌ به‌كتریایه‌، پێشتر هه‌بووه‌ و پایۆنێر دروستیكردووه‌ Hydroxychloroqiune دژه‌ مه‌لاریایه‌، به‌ڵام به‌كارهێنانی ئه‌و دوو ده‌رمانه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ كاریگه‌ری لاوه‌كی زۆری هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر به‌یه‌كه‌وه‌ بۆكه‌سێك كه‌ نه‌خۆشی دڵی هه‌یه‌ یان ناڕێكی لێدانی دڵی هه‌یه‌ كاریگه‌ری زۆر خراپی هه‌یه‌".

دكتۆر هێرش ده‌شڵێت:"هه‌نگاوه‌كه‌ی پایۆنێر وه‌ك دروستكردنی ده‌رمانێكی نوێ بۆ شاره‌كه‌ سوودی ده‌بێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی بڵێیت چاره‌سه‌ری كۆرۆنایه‌ وانییه‌ و چاره‌سه‌ری كۆرۆنا نییه‌".