کوردستان

11:24 - 24/03/2020

له‌ سبه‌ینێوه‌ رێکاری نوێ له‌ ده‌ربه‌ندیخان ده‌گیردرێته‌ به‌ر‌

پەیسەر پرێس

له‌ سبه‌ینێوه‌ رێكارى نوێ له‌ قه‌زاى ده‌ربه‌ندیخان ده‌گیرێته‌ به‌ر، وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى گومانى هه‌یه‌ ژماره‌ى توشبووانى كۆرۆنا له‌ قه‌زاكه‌ زیاتربن، هه‌رچه‌نده‌ تا ئێستا 17 به‌ركه‌وتووى توشبووى یه‌كه‌م ئه‌نجامى پشكنینه‌كه‌یان نێگه‌تیڤ بووه‌. قایمقامى قه‌زاكه‌ش ده‌ڵێت، كێشه‌یان زۆره‌ و هیچ ئامێرێكى هه‌ناسه‌ندانیان نیه‌.

ناسیح مه‌لا حه‌سه‌ن قایمقامی قه‌زای ده‌ربه‌ندیخان به‌ په‌یسه‌ر پرێس-ی راگه‌یاند، حاڵه‌ته‌كانى كۆرۆنا له‌ قه‌زاكه‌ له‌هاوڵاتییه‌كه‌وه‌ ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ په‌یوه‌ندیه‌كی زۆری هه‌بووه‌ له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ری و كاری خێرخوازی كردووه‌، ئه‌مه‌ وایكردووه‌ به‌ركه‌وتنی هه‌بێت. پێنج منداڵ و هاوسه‌ره‌كه‌ی و خه‌زووری توش بوونیان به‌و ڤایرۆسه‌ پشت راستكراوه‌ته‌وه‌، و له‌ئێستادا ده‌ركه‌وتووه‌ هه‌شت كه‌س له‌ده‌ربه‌ندیخان هه‌ڵگری ڤایرۆسه‌كه‌ن.


گوتیشى:"به‌ڵام ته‌ندروستی گومانی هه‌یه‌ ژماره‌كه‌ زۆرتربێت، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی 17 حاڵه‌تی نزیك له‌و كه‌سه‌مان ناردووه‌ خۆشبه‌ختانه‌ هه‌ر هه‌موویان نێگه‌تیڤ بوون، به‌ڵام ده‌بێت چاوه‌رێی ئه‌نجامه‌كانی تریش بكه‌ین".

باسیله‌وه‌شكرد، ته‌نها یه‌ك ئامێری هه‌ناسه‌دانی ده‌ستكردیان نیه‌، ئامێری ئه‌شیعه‌ی دیجیتاڵییان نییه‌، هۆڵی نه‌شته‌رگه‌ییان نیه‌ و هۆڵی منداڵ بوونیان نیه‌ و ئۆكسجینیان نیه‌ بۆ نه‌خۆش، كه‌رتی ته‌ندروستی ده‌ربه‌ندیخان به‌هۆی بومه‌له‌رزه‌كه‌ی ساڵی 2017 زیانی زۆری به‌ركه‌وت، زۆربه‌ی بیناكانی ڕووخان، له‌وانه‌ش بنكه‌ی ته‌ندروستی شه‌هید حه‌مید به‌ته‌واوه‌تی روخاوه‌ و خانه‌ی پزیشكان كه‌ شوێنی مانه‌وه‌ی پزیشكان بوو روخاوه‌.

به‌رێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ته‌ندروستی سلێمانی به‌رنامه‌یه‌كی داناوه‌ و به‌رنامه‌كه‌ش ئه‌وه‌یه‌، چوار تیم دروستكراون، له‌ سبه‌ینێوه‌ هێڵێكی ته‌له‌فۆنی گه‌رم داده‌نرێت، بۆ دانیشتوانی ناو شار بۆ ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی بكه‌ن به‌و هێڵه‌وه‌ و بۆ هه‌ر حاڵه‌تێك كه‌ گومانی كۆرۆنای لێ بكرێت ئه‌و تیمانه‌ ده‌چنه‌لای بۆ ماڵه‌وه‌ نمونه‌یه‌كی لێوه‌رده‌گرن بۆ پشكنین و ده‌نێردرێت بۆ سلێمانی، ئه‌گه‌ر ده‌ركه‌وت هه‌ڵگری ئه‌و ڤایرۆسه‌یه‌ ئه‌وه‌ یان له‌ماڵه‌كه‌ی كه‌ره‌نتینه‌ده‌كرێت یان له‌و شوێنانه‌ی خه‌ڵكی خۆبه‌خش دابینی كردووه‌ بۆ كه‌ره‌نتینه‌كردنی ئه‌و حاڵاتانه‌ ده‌هێڵدرێنه‌وه‌.

ئێستا به‌شێك له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ته‌ندروستی ده‌ربه‌ندیخان ته‌رخانكراوه‌، بۆ نه‌خۆشخانه‌ى شه‌هید حه‌مید و نه‌خۆشخانه‌كه‌ش ته‌رخانكراوه‌ بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی گومانی ئه‌و نه‌خۆشیه‌یان لێده‌كرێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر نیشانه‌كان له‌سه‌ر نه‌خۆشه‌كه‌ توند بوون ره‌وانه‌ی سلێمانی ده‌كرێت بۆ چاره‌سه‌ر.

ناسح مه‌لاحه‌سه‌ن ده‌ڵێت، له‌ ده‌ربه‌ندیخان یه‌ك نه‌خۆشخانه‌ی گشتیی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ مه‌ڵبه‌ندی ته‌ندروستی شه‌هید ئازادی مامه‌ عه‌له‌، ئه‌وه‌ تایبه‌ت كراوه‌ بۆ ددان، نه‌خۆشخانه‌ی شه‌هید تۆفیقیش هه‌یه‌ كه‌ نه‌خۆشخانه‌ی فریاكه‌وتنه‌، به‌ڵام كه‌موكوڕییه‌كانی ته‌واونه‌كراون و تائێستا هۆڵی نه‌شته‌رگه‌ری تێدا نییه‌ و پێداویستی زۆری ماوه‌.

گوتیشى، ئه‌مرۆ پارێزگاری سلێمانی سه‌ردانی كردوون بڕی 8 هه‌زار ده‌مامكی بۆ بردوون و بڕیاره‌ دوو هه‌زاری تریش بنێرێت بۆ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان كه‌ له‌شاره‌كه‌ دابه‌ش بوون، هه‌روه‌ها ئاماده‌یی ده‌ربڕیوه‌ هاوكاریان پێشكه‌ش بكات.

ناسح مه‌لاحه‌سه‌ن ده‌ڵێت قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆ زۆر باش سه‌ركه‌وتووبووه‌ و هاوڵاتیانیش تائاستێكی باش پابه‌ندن به‌رێنماییه‌كان.