09:41 - 10/04/2020
زاخۆ نه‌خۆشخانه‌ى بۆ توشبووانى كۆرۆنا نییه
قه‌زاى زاخۆ له پارێزگاى دهۆك، تا ئێستا نه‌خۆشخانه‌ى تایبه‌ت به توشبووانى كۆرۆنا و بنكه‌ى پشكنینی تێدا نییه، ئه‌گه‌رچى ژماره‌ى دانیشتووانى قه‌زاكه، 400 هه‌زار كه‌سن و دوو توشبووى كۆرۆناش له‌نێویاندا تۆماركراوه.
گومانلێكراوانى زاخۆ ره‌وانه‌ى دهۆك ده‌كرێن و توشبووه‌كانیش هەر لە دهۆک چاره‌سه‌ر وه‌رده‌گرن. زاخۆ هاوسنوورى توركیایه و هاتوچۆى زۆر له‌سه‌ر قه‌زاكه هەیه، توركیا نۆیه‌م وڵاتى توشبووى جیهانه له‌ڕووى ژماره‌ى توشبووانه‌وه.
شه‌ماڵ یونس دانیشتووى قه‌زاى زاخۆ بۆ په‌یسه‌ر گوتى، ئه‌وان هاوسنورى وڵاتێكن كه كۆرۆنا تێیدا به‌خێرایى ته‌شه‌نه ده‌سه‌نێت،"مەترسی زیاتر لەم قەزایە هەیە، داوا لە کاربەدەستان دەکەم، کە خەمێک لە خەڵکی ئەم دەڤەرە بخۆن بە هاوکاری دەوڵەمەندان، بنکەی تایبەت بە کۆرۆنا لێرە بکرێتەوە".
هاوڵاتییه‌كى دیكه به‌ناوى نه‌وزاد موحسین بۆ په‌یسه‌ر، نیگه‌رانیى و گله‌یى خۆى ده‌ربڕى له حكومه‌ت،"ئەوەی کە زۆر خەڵکی نیگەران کردووە ئەوەیە، کە سەرەڕای ئەوەی ئەم قەزایە حاڵەتی تووشبوونی بە کۆرۆنا هەبووە و شوێنی پێویستیش هەیە و لەسەر سنووری دوو وڵاتە، بەڵام نە بنکەی پشکنینی کۆرۆنا و نە نەخۆشخانەی تووشبووان لێرە نییە. پێموایە کە کاربەدەستەکان بیر لەم شتە بکەنەوە، بەڵام وەکو هەر جارێک ئەترسم کە ئەم باژێرە پشتگوێ بخرێت و هاووڵاتیان زەرەرمەندبن، داوا دەکەین کە گرنگی بەم بابەتە بدرێت و ئەم کێشە چارەسەر بکرێت، چۆن وەزارەتی تەندروستی گرنگی بە رێنماییەکان دەدات، بەم شێوە گرنگی بەم بابەتەش بدات.".
تەندروستی پارێزگای دهۆک بۆ پەیسەر باس له‌وه ده‌كه‌ن، لە هەرێمی کوردستان پشکنین پێویستە لە سەنتەری پارێزگاکان و لە تاقیگەی مەڵبەند بکرێن.
حەمزە رەزیکی بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی پارێزگاى دهۆك بۆ په‌یسه‌ر پرێس گوتى:"زۆر جاریش بۆ پشتڕاستكردنه‌وه‌ى پشکنینەکان، گومان‌لێکراوان دەنێرینە هەولێر، لەبەرئەوەى لە هیچ قەزایەکی هەرێمی کوردستان پشکنین بۆ گومان‌لێکراوان ناکرێت، بەڵکو دەنێردرێنە پارێزگاکان و ئەوانەشی کەرەنتین دەکرێن، لە سەنتەری پارێزگاکان دەبن".
به‌گوته‌ى رەزیکی لە نەخۆشخانەی گشتی زاخۆ شوێنی تایبەت بە چارەسەر ئامادەکراوە، ئه‌گەر لە دهۆک توانای وەرگرتنی نەخۆشەکان نەما، لەوێش چارەسەر دەکرێن.
لە زاخۆ ئێستا هەر کەسێک بیه‌وێت پشكنینى كۆرۆنا بۆ خۆى بكات یاخود گومانى له‌خۆى هه‌بێت، ده‌بێت سەردانی نەخۆشخانەی فریاکەوتن بکات و لەوێ لە نەخۆشەکانی تر جیا دەکرێته‌وه و نموونەی لێوەردەگیرێت.