کوردستان

12:36 - 15/04/2020

ناوی وه‌زیره‌كانی كابینه‌كه‌ی كازمی ئاماده‌یه‌‌

پەیسەر پرێس

به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی په‌یسه‌رپرێس له‌سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستی كه‌وتووه‌، مسته‌فا كازمی كاندیدی راسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی حكومه‌ت ناوی وه‌زیره‌كانی ئاماده‌كردووه‌ و بڕیاره‌ ئه‌مرۆ راده‌ستی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار و سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی بكات بۆ ئه‌وه‌ی بۆچوونی ئه‌وانیش وه‌ربگرێت.

سه‌رچاوه‌كه‌ی په‌یسه‌رپرێس ده‌ڵێت هه‌نگاوی دواتری كازمی گفتوگۆكردن ده‌بێت له‌گه‌ڵ كوتله‌ سیاسیه‌كان و ناوی وه‌زیره‌كانیان ده‌خاته‌ به‌رده‌م، و تێبینی لایه‌نه‌كان وه‌رده‌گرێت و ده‌شیه‌وێت پاڵپشتیان بۆ تێپه‌راندنی كابینه‌كه‌ی مسۆگه‌ر بكات.

به‌پێی زانیاریه‌كانی سه‌رچاوه‌كه‌ كورد و سوننه‌ خۆیان كاندیده‌كانیان دیاری كردووه‌ به‌ڵام مه‌رجی ئه‌وه‌یان بۆ دانراوه‌ كه‌ ده‌بێت خه‌ڵكانی به‌توانا و ده‌ست پاك بن.

په‌یسه‌ر زانیویه‌تی كازمی هیچ مه‌رجێكی نه‌بووه‌ بۆ دانان یان دانه‌نانی كاندیدێك و ڤیتۆشی له‌سه‌ر هیچ كاندیدێك نه‌بووه‌.

رۆژی 9ی نیسان به‌رهه‌م ساڵح سه‌رۆك كۆماری عێراق، مسته‌فا كازمی بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی حكومه‌ت راسپارد به‌پێی ماده‌ی 76 له‌ ده‌ستوری عێراق ماوه‌ی 30 رۆژی له‌به‌رده‌مه‌ بۆ پێكهێنانی كابینه‌كه‌ی.