کوردستان

08:45 - 21/04/2020

به‌غدا سەبارەت بە راگرتنى مووچه‌ حكومه‌تى هه‌رێمى ئاگاداركردووه‌ته‌وه‌‌

پەیسەر پرێس

حكومه‌تى عێراق به‌ شاندى هه‌رێمى كوردستانیان راگه‌یاندووه‌، بێ رێككه‌وتن ناتوانن له‌ ناردنى بوودجه‌ى هه‌رێمى كوردستان به‌رده‌وام بن، چونكه‌ داهاتیان كه‌مى كردووه‌و ره‌وانه‌كردنى بوودجه‌ى هه‌رێم بێ به‌رامبه‌ر، بارگرانى له‌سه‌ر دروست كردوون.

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر پرێس کە له‌ سه‌رچاوه‌یه‌كى ئاگاداره‌وه‌ ده‌ستیكه‌وتووه‌، له‌میانى سه‌ردانى شاندى هه‌رێمى كوردستان بۆ به‌غدا، حكومه‌تى عێراق به‌ شانده‌كه‌ى راگه‌یاندووه‌، ته‌نها ئه‌م مانگه‌ ده‌توانن بێ رێككه‌وتن مووچه‌ بۆ هه‌رێمى كوردستان ره‌وانه‌ بكه‌ن. لە مانگی داهاتووەوە رێککەوتن نەکرێت موچە نانێرێت. لەلایەکی دیکەوە ئەمیندارێتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق نامەیەکی ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی کردووەو داوای راگرتنی مووچەی هەرێمی کوردستانی کردووە، بە بیانووی رادەستنەکردنی نەوت.

بڕیاره‌ هەفتەی داهاتوو شاندێکی باڵای هەرێمى كوردستان سه‌ردانى بەغدا بكات، سبه‌ینێ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان، كۆده‌بێته‌وه‌و تاووتوێى ئه‌و مه‌ترسییه‌ ده‌كه‌ن.

بەغدا پێی وایە نیوەی داهاتی نەوتی عێراق بەبێ بەرامبەر بۆ هەرێمى كوردستان ره‌وانه‌ ده‌كرێت، ئێستا داهاتى عێراق به‌هۆى دابه‌زینى نرخى نه‌وت و ڤایرۆسى كۆرۆنا زۆر كه‌مى كردووه‌. نیوه‌ى مووچه‌ى هه‌رێمى كوردستان له‌لایه‌ن حكومه‌تى عێراقه‌وه‌ دابینده‌كرێت.