کوردستان

05:49 - 26/04/2020

ناوه‌رۆكى كۆبوونه‌وه‌ى شاندى حكومه‌ت له‌گه‌ڵ په‌رله‌مان‌

پەیسەر پرێس

شاندى دانوستانكارى حكومه‌تى هه‌رێمى كورستان بۆ به‌غدا، ئه‌مڕۆ بۆ روونكردنه‌وه‌ى هه‌نگاوه‌كانیان چوونه‌ په‌رله‌مانى كوردستان، شانده‌كه‌ قسه‌ى كۆنكرێتییان پێ نه‌بووه‌، كه‌ كه‌ى مووچه‌ ده‌درێت و چۆن كێشه‌كه‌ چاره‌سه‌ر ده‌كه‌ن و هه‌وڵه‌كانیان به‌ كوێ گه‌یشتووه‌، گوتویانه‌ چاوه‌ڕێى وه‌ڵامى به‌غدان. به‌غدا به‌ راده‌ستكردنى نه‌وتیش رازى نابێت و هیوایه‌ك هه‌یه‌ له‌رێگه‌ى دۆسیه‌ى كێڵگه‌ غازییه‌كانه‌وه‌ هه‌ردوولا بگه‌نه‌ رێككه‌وتن.

شێركۆ جه‌وده‌ت سه‌رۆكى فراكسیۆنى یه‌كگرتوو و به‌شداربووى كۆبوونه‌وه‌كه‌ به‌ په‌یسه‌ر پرێس-ى راگه‌یاند، شاندى حكومه‌ت قسه‌ى كۆنكرێتییان پێنه‌بوو، به‌پێى روونكردنه‌وه‌كانیان ته‌نها سه‌دا ٢٣ى داهاتى نه‌وت ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ وه‌زره‌تى دارایى و ٦٠ ملیۆن دۆلار ده‌گات به‌ وه‌زاره‌تى دارایى بۆ دابه‌شكردنى مووچه‌، ئه‌وه‌ى دیكه‌ به‌"قه‌رز" ده‌درێته‌وه‌.

سه‌باره‌ت به‌وه‌ى هه‌وڵه‌كانى حكومه‌ت چییه‌ بۆ دابه‌شكردنى مووچه‌، ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ گوتى:"هه‌مووى له‌ قۆناغى هه‌وڵدایه‌، وه‌ڵامى كۆنكرێتى نه‌بوو كه‌ بڵێن ئا‌وا مووچه‌ ده‌ده‌ین، بۆ خشته‌ى مووچه‌ى ئه‌م مانگه‌ش هیچیان نه‌وت كه‌ى رایده‌گه‌یه‌نن". 

شاندى حكومه‌ت ئه‌نجامى گفتوگۆكانیان له‌گه‌ڵ به‌غدا خستووه‌ته‌ڕوو، به‌جۆرێك هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌یى ده‌ربڕیوه‌ كه‌ دۆسیه‌ى نه‌وت راده‌ستى بكات، له‌ به‌رامبه‌ر ره‌وانه‌كردنى بوودجه‌ى هه‌رێمى كوردستان. به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر تا ئێستا به‌غدا ئه‌و بژارده‌ى په‌سه‌ند نه‌كردووه‌، به‌ڵكو داواى داهاته‌كانى دیكه‌شیان كردووه‌. شاندى به‌غدا گوتویانه‌ ئیستا ئه‌وان خۆیان كێشه‌ى ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ كه‌ به‌رهه‌مى زیادى نه‌وتیان هه‌یه‌ و ده‌بێت هه‌نارده‌ى نه‌وت كه‌مبكه‌نه‌وه‌. بۆیه‌ ئومێد كه‌مه‌ له‌رێگه‌ى راده‌ستكردنى نه‌وت و دۆسیه‌ى نه‌وته‌وه‌ بگه‌نه‌ رێككه‌وتن و كێشه‌ى مووچه‌ چاره‌سه‌ر بكه‌ن.

هه‌ر به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر، گریمانه‌یه‌كى دیكه‌ هه‌یه‌ بۆ رێككه‌وتن به‌ جۆرێك هه‌رێم و به‌غدا له‌سه‌ر په‌ره‌پێدانى كێڵگه‌ غازییه‌كان به‌ هاوبه‌شى بگه‌نه‌ رێككه‌وتن و نیوه‌ى داخاتى خاڵه‌ سنورییه‌كان راده‌ستى به‌غدا بكرێت، به‌ڵام ئه‌م سیناریۆیه‌ هێشتا قسه‌ى كۆتایى له‌سه‌ر نه‌كراوه‌و وه‌ك بژارده‌یه‌ك بۆ رێككه‌وتن له‌سه‌ر مێزى هه‌ردوولایه‌. 

شاندى هه‌رێمى كوردستان، داوایان له‌ ئه‌میندارى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران كردووه‌، كه‌ نوسراوى راگرتنى مووچه‌ هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌و مووچه‌ ره‌وانه‌ بكات، به‌ڵام حه‌مید نه‌عیم ئه‌میندارى گشتى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران پێى گوتوون، نوسراوى عادل عه‌بدولمه‌هدى بهێنن به‌وه‌ى ره‌زامه‌نده‌ به‌ ره‌وانه‌كردنى پاره‌كه‌. شاندى هه‌رێم نوسراویان ئاڕاسته‌ى سه‌رۆك وه‌زیران كردووه‌و چاوه‌ڕێى وه‌ڵامى عادل عه‌بدولمه‌هدین. 


له‌لایه‌كى دیكه‌وه‌ به‌پێى راگه‌یه‌ندراوى په‌رله‌مانى كوردستان شاندى حكومه‌ت گوتویانه‌، بەگوێرەی رێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا لەمانگی ١٢ی ٢٠١٩ لەسەر بودجەی ساڵی 2020، هەرێمی کوردستان ئامادەیە هەموو نەوتەکەی رادەستی بەغدا بکات، بەمەرجێک حکومەتی عێراق سەرجەم شایستە داراییەکانی هەرێم رەوانە بکات، ئەوەشیان بەشاندی دانوستانکاری بەغدا راگەیاندووە.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا ئه‌وه‌ش هاتووه‌، وەزیری دارایی ئاماژه‌ی به‌وه‌دا کە نووسراوێکی فەرمییان گەیاندووەتە سەرۆکوەزیرانی عێراقی فیدراڵ بۆئەوەی رەزامەندی بدەن لەسەر ناردنی بودجەو شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و هیوای خواست کە بەشێوەیەکی ئەرێنی وەڵامی داواکاریی هەرێمی کوردستان بدرێتەوە.

ئه‌وه‌شخراوه‌ته‌ڕوو:"شاندی دانوستانکار کۆکبوون لەسەر ئەوەی کەبابەتی بودجەی هەرێمی کوردستان بەسیاسی کراوەو هەوڵێکە بۆ بڕینی قووتی خەڵکی کوردستان، چونکە هەرێمی کوردستان نیەت پاکی و هەموو هاوئاهەنگییەکی بۆ ئەم مەبەستە لەچوارچێوەی دەستوورو یاسا خستووەتەڕوو".