کوردستان

04:31 - 02/05/2020

بەغدا داوای هەژماری کۆتایی داهات و خەرجی هەرێمی کوردستان لە ٢٠٠٤ەوە و تا ئێستا لە هەرێم دەکات‌

پەیسەر پرێس

حکومەتی عێراق داوای هەژماری کۆتایی داهات و خەرجی هەرێمی کوردستان لە ٢٠٠٤ەوە و تا ئێستای لە شاندەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە و بڕیارە ڕۆژی یەکشەمە شاندێکی تەکنیکی هەرێم سەردانی بەغدا بکاتەوە و کێشەکان چارەسەر بکەن.

دوای ئەنجامدانی زنجیرەیەک کۆبونەوە، ئێوارەی ١ی ئایار شاندی حکومەتی هەرێم بێ ئەوەی کێشەکان چارەسەر بکرێن، گەڕایەوە هەرێمێ کوردستان کە لەبارەی پرسی بودجە و ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کردبوو.

بە پێی زانیاریەکانی پەیسەر پرێس، حکومەتی عێراق داوای هەژماری کۆتایی داهات و خەرجی هەرێمی کوردستان لە ٢٠٠٤ەوە و تا ئێستای لە شاندەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە و ڕایانگەیاندوو کە بودجەی عێراقیش کورتیهێناوە ئەوانیش نازانن کێشەکانیان چۆن چارەسەر بکەن.

هەروەها داواشیکردووە هەرێم پابەندی یاسای بەرێوە‌بردنی دارایی عێراق بێت کە ساڵی ۲۰۱۹ پەرلەمانی عێراق پەسەندی کردووە و بەپێی یاساکە دەسەڵاتە داراییەکانی هەرێم سنوردار دەکات.

بە پێی زانیاریەکان، بەرپرسانی بەغدا بە شاندەکەی هەرێمیان ڕاگەیاندووە، هەرێمی کوردستان نزیکی ٦٠٠ هەزار مووچە خۆریان هەیە، بەڵام لیستی مۆچەخۆران دوو ئەوەندەیە و ناوی ملیۆنێک و ٢٠٠ هەزار مووچەخۆر بۆ بەغدا نێردراوە.

هەروەها بە شاندەکەی هەرێمیان ڕاگەیاندووە کە نازانن هێزەکانی پێشەرگە کێن و ژمارەیان چەندە و ئەوەیان لەلا ڕوون نییە.

شاندى حكومه‌ت ئه‌نجامى گفتوگۆكانیان له‌گه‌ڵ به‌غدا خستووه‌ته‌ڕوو، به‌جۆرێك هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌یى ده‌ربڕیوه‌ كه‌ دۆسیه‌ى نه‌وت راده‌ست بكات، له‌ به‌رامبه‌ر ره‌وانه‌كردنى بوودجه‌ى هه‌رێمى كوردستان. به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر تا ئێستا به‌غدا ئه‌و بژارده‌ى په‌سه‌ند نه‌كردووه‌، به‌ڵكو داواى داهاته‌كانى دیكه‌شیان كردووه‌. شاندى به‌غدا گوتویانه‌ ئیستا ئه‌وان خۆیان كێشه‌ى ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ كه‌ به‌رهه‌مى زیادى نه‌وتیان هه‌یه‌ و ده‌بێت هه‌نارده‌ى نه‌وت كه‌مبكه‌نه‌وه‌. بۆیه‌ ئومێد كه‌مه‌ له‌رێگه‌ى راده‌ستكردنى نه‌وت و دۆسیه‌ى نه‌وته‌وه‌ بگه‌نه‌ رێككه‌وتن و كێشه‌ى مووچه‌ چاره‌سه‌ر بكه‌ن.

سەرچاوەیەکی ئاگاداریش بە پەیسەری ڕاگەیاند، بڕیارە شاندێکی تەکنیکی لە بەڕێوەبەرە گشتیەکان سەردانی بەغدا بکات و دوای ئەوە کێشەکان چارەسەر بکرێت. هەروەها لە داهاتوویەکی نزیکدا، بڕیارە شاندێکی وەزارەتی بەرگری عێراق بۆ پرسی پێشمەرگە سەردانی هەرێمی کوردستان بکات.