کوردستان

02:49 - 05/05/2020

ناوه‌رۆكى كۆبوونه‌وه‌ى گۆڕان و یه‌كێتى‌

پەیسەر پرێس

شاندى یه‌كێتى نیشتمانیى كوردستان، ئه‌مڕۆ سه‌ردانى مه‌كۆى سه‌ره‌كى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕانیان كرد له‌ سلێمانى، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ جه‌خت له‌ په‌ره‌پێدانى په‌یوه‌ندى هه‌ردوولاو جێبه‌جێكردنى رێككه‌وتنه‌كان كراوه‌ته‌وه‌.

به‌پێى زانیارییه‌كانى په‌یسه‌ر پرێس، شاندى یه‌كێتى وه‌ك وه‌ڵامێك بۆ سه‌ردانه‌كه‌ى گۆڕان، كه‌ چه‌ند رۆژێك پێش ئێستا بۆ پیرۆزبایى له‌ سه‌ركردایه‌تى نوێ، سه‌ردانیى یه‌كێتى كرد و كۆبوونه‌وه‌. ئه‌مڕۆ شاندى یه‌كێتى سه‌ردانى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕانیان كردووه‌ته‌وه‌.

هاوكات ئامانج له‌ سه‌ردانه‌كه‌ بۆ پیشاندانى جددیه‌تى یه‌كێتى بووه‌، له‌ په‌ره‌پێدان و په‌یوه‌ندى دوولایه‌نه‌ى له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان.

هه‌ر به‌پێى زانیارییه‌كان له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له‌ جێبه‌جێكردنى رێككه‌وتنى نێوان هه‌ردوولا كراوه‌، به‌ تایبه‌ت رێككه‌وتنى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى سلێمانى و حكومه‌تى خۆجێى سلێمانى، و ئه‌و بڕگانه‌ى تا ئێستا جێبه‌جێنه‌كراون، شاندى یه‌كێتى ئاماده‌ییان ده‌ربڕیوه‌ بۆ جێبه‌جێكردنى بڕگه‌كانى دیكه‌ى ئه‌و رێككه‌وتنه‌. 

ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ باسكردنبووه‌ له‌سه‌ر پرسى لامه‌ركه‌زى بۆ هه‌رێمى كوردستان، شاندى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان بۆچوونى خۆى خستووه‌ته‌ڕوو كه‌ ئه‌وان پشتیوانى لامه‌ركه‌زیه‌ت ده‌كه‌ن بۆ هه‌موو پارێزگاكان، له‌ چوارچێوه‌ى یاسا و سیاسه‌تى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، وه‌ك ئه‌وه‌ى له‌رێككه‌وتنى نێوان هێزه‌ به‌شداره‌كانى حكومه‌تدا هاتووه‌.