کوردستان

05:44 - 29/12/2018

پەیوەندی تەلەفونی مەسعود بارزانی لەگەڵ مەلا بەختیار‌

پەیسەر

مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، بەتەلەفۆن پەیوەندی بەمەلابەختیارەوە دەكات و داوای لێدەكات بگەڕێتەوە كۆبونەوە هاوبەشەكانی یەكێتی و پارتی.

 
بەپێی ئەو زانیاریانەی پەیسەرپرێس لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەستی كەوتووە، مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان شەوی رابردوو پەیوەندی بە مەلابەختیار لێپرسراوی دەستەی كارگێری مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستانەوە كردووە و داوای لێكردووە بگەڕێتەوە بۆ كۆبونەوە هاوبەشەكانی یەكێتی و پارتی.

سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەشكرد، بارزانی لەپەیوەندیە تەلەفۆنیەكەیدا بەمەلابەختیاری راگەیاندووە، خەریكە گفتوگۆكانی یەكێتی و پارتی دەربارەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم بەبنبەست دەگات و هیچ دەرچەیەكیش نیە بۆ رزگاربوون.

بۆیە بارزانی داوای لێكردووە بگەڕێتەوە كۆبونەوە هاوبەشەكان و یارمەتیدەری دەربازكردنی هەرێمی كوردستان بێت لە پلانی دووەمی یەكێتی كە خۆی لە دوو ئیدارەیدا دەبینێتەوە، ئەو پلانەشی بە مەترسی زانیوە.

بەپێی زانیاریەكانی سەرچاوەكە، مەلابەختیار لە بەرامبەر داواكاریەكەی بارزانیدا رایگەیاندووە، بەهۆی ئەوەی یەكێتی كار بەپەیرەوی ناوخۆ ناكات و دیسپلینی تێدا نەماوە و بڕیاریش لەمەكتەبی سیاسیەوە نادرێت بۆیە ناگەڕێتەوە بۆ هیچ كۆبونەوەیەك.

هەروەها بە بارزانی راگەیاندووە، پرۆژەیەك ئامادەدەكات و لەكاتی ئەنجامدانی كۆنگرەدا پرۆژەكەی بۆ ئەندامانی كۆنگرەی یەكێتی دەخاتەروو، ئەگەر زۆرینەی هێنا دەیەوێت ئاراستەی كاری یەكێتی رێكبخاتەوە و ئەگەریش پرۆژەكەی لەكۆنگرە رەتكرایەوە بە یەكجاری لەسیاسەت دووردەكەوێتەوە.