کوردستان

02:22 - 22/05/2020

تاقیكردنه‌وه‌ی ڤاكسینی كۆرۆنا ده‌چێته‌ قۆناغی دووه‌م و سێیه‌م‌

پەیسەر پرێس

زانكۆی ئۆكسفۆرد له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند، ده‌ست ده‌كه‌ن به‌ قۆناغی دووه‌م و سێیه‌می تاقیكردنه‌وه‌ی ڤاكسینی دژه‌ كۆرۆنا، دوای ئه‌وه‌ی له‌قۆناغی یه‌كه‌مدا هه‌زار جار به‌كارهێندراوه‌.

له‌ لێكۆڵینه‌وه‌كانی داهاتوودا زیاتر له‌ ١٠ هه‌زار پێگه‌یشتوو و منداڵ به‌شداری ده‌كه‌ن، له‌ قۆناغی دووه‌مدا ئه‌و كه‌سانه‌ی ڤاكسینه‌كه‌یان له‌سه‌ر تاقیده‌كرێتەوە‌ له‌رووی ته‌مه‌نه‌وه‌ فراوانتر ده‌كرێت، به‌جۆرێك ژماره‌یه‌كی زیاتری كه‌سانی به‌ته‌مه‌ن و منداڵانیش ده‌گرێته‌وه‌، و له‌قۆناغی سێیه‌مدا چۆنیه‌تی كاری ڤاكسینه‌كه‌ له‌سه‌ر ژماره‌یه‌كی زۆری خۆبه‌خشه‌كان هه‌ڵده‌سه‌نگێندرێت كه‌ ته‌مه‌نیان له‌ ١٨ ساڵ زیاتره‌.

لای خۆیه‌وه‌ پرۆفیسۆر ئه‌ندرو بولارد، سه‌رۆكی گروپی ئۆكسفۆرد بۆ ڤاكسین ده‌ڵێت:" لێكۆڵینه‌وه‌كانیان به‌شێوه‌یه‌كی باش به‌رێوه‌ده‌چن، له ‌لێكۆڵینه‌وه‌ نوێكاندا ئاست و توانای ڤاكسینه‌كه‌ و وه‌ڵامی كۆئه‌ندامی به‌رگری به‌ته‌مه‌نه‌كان هه‌ڵده‌سه‌نگێندرێت و ئه‌وه‌ش تاقی ده‌كرێته‌وه‌ كه‌ ئایا‌ پارێزگاری له‌هه‌موو دانیشتوان ده‌كات".

له‌قۆناغی یه‌كه‌مدا كه‌ له‌مانگی نیسان به‌رێوه‌چوو تێیدا هه‌ڵسه‌نگاندنی بۆ توانا و دروستی و كاریگه‌ری ڤاكسینه‌كه‌ و كۆئه‌ندامی به‌رگری زیاتر له‌ هەزار خۆبه‌خش كرا، كه‌ ته‌مه‌نیان له‌نێوان ١٨ بۆ ٥٥ ساڵیدابوو له‌ چه‌ند ناوه‌ندێكی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ باشوری ئینگلته‌را.

ڤاكسینی ئۆكسفۆرد بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی كۆڤید ١٩ پرۆژه‌یه‌كی هاوبه‌شی نێوان گروپی ئۆكسفۆرد بۆ ڤاكسینه‌كان و كۆمپانیای ده‌رمانی ئسترازینیكایه‌.