کوردستان

07:54 - 26/05/2020

ئێزدییەكان بەشداریی جەژنی رەمەزانی موسڵمانانی ناوچەكەیان دەكەن‌

لەیس حسێن

سەرەڕای ئەو هەموو نەهامەتییەی كە داعش بەسەر ناوچەی شەنگال و ئێزدییەكانی ئەو ناوچەیەیدا هێنا، هێشتا پێكهاتە ئاینییەكانی ناوچەكە بوارە كۆمەڵایەتیەكەیانی خۆیان  تێكدانەداوە و وەك هاوڵاتییەكی ئێزدیش دەڵێت: خۆشیی و ناخۆشیمان پێكەوەیە. ئەمساڵیش لە كەمپی ئاوارەكانی شەنگالدا لە پارێزگای دهۆك جەژنی رەمەزانی موسڵمانەكان بەڕێوەچوو ئێزدییەكانیش پیرۆزباییان لە موسڵمانان كرد.
 قەدەغەی هاتوچۆ و داخستنی بازاڕ و شوێنە گشتییەکان نەبووەتە ئەگەر کە موسڵمانە ئاوارەکانی شنگال جەژنی ڕەمەزان پیرۆز بکەن و رێ و رەسمی ئەم جەژنە پیرۆزە بەڕێوە ببەن.

بۆ سالی شەشەم موسڵمانانی شنگال جەژنی ڕەمەزان لەنێو کەمپە ئاوارەکانی سنووری پارێزگای دهۆک پیرۆز دەکەن و بە هیوان سالی داهاتوو جەژنەکانی خۆی لە سەر زێدی خۆیان بەڕێوەببەن.
عەبدولڕەحمان سولەیمان ئەلحەلیقی یەکێک لە ئاوارە موسڵمانەکانی شنگالە و ئێستا لە کەمپی بێرسڤێ 2ی سەر بە قەزای زاخۆ نیشتەجێ یە سەبارەت جەژنەکە بۆ "پەیسەر پرێس" دەلێت، جەژنی ئەمساڵ بە شێوەیەکی گشتی جیاوازە لە جەژنی سالەکانی تر و ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ڤایرۆسی کۆرۆنا مەترسی جددی لەسەر هەرێمی کوردستان هەیە.

ئاماژەی بەوەش کرد، سەرەڕای ئەوەی قەدەغەی هاتوچۆ یە بەلام ئێمە وەکو کەسوکار جەژنی ڕەمەزانمان گێڕا و چوونەتە جەژنی یەکتر. گوتیشی: هیوایان ئەوەیە کە سالی داهاتوو بگەرێنەوە سەر زێدی خۆیان لە شنگال 2 جەژن و بوونەکانی خۆی لەسەر زێدی خۆیان بگێڕن.

لە شنگال و دوای ئاوارەبوونیش تەواوی خەڵکی ئەو باژێرە، بە هەموو پێکهاتەکانیەوە (ئێزیدی، موسلمان و مەسیحی)، لە جەژن و بوونەکانی یەکتر بەشدار دەبن و بە پێکەوە پیرۆزی دەکەن. "خەیری ئەلیاس" یەک لە ئاوارە ئێزیدییەکانی شنگالە بە "پەیسەر پرێس" ی ڕاگەیاند، ئێمە لە هەر جەژن و بوونەیەک لەگەڵ یەکتر بەشدار ئەبین و خۆشی و ناخۆشیمان یەکە، سەرەڕای ئاوارەبوون بەڵام هەر ئێمە لە پەیوەندی داین و لە هەر شوێنێک بێت سەردانی یەکتر ئەکەین. زیاتر وتی، جەژن و خۆشی ئێمە گەڕانەوەی ئێمە بۆ شنگال و ژیانکردن لەگەڵ یەک جوانتر لێدێت و هیوام وایە جەژنی ڕەمەزان ببێتە مایەی خێر و خۆشی و بەرەکەت بۆ ئەم ولاتە.

لە 3ی تەباخ(ئاب)ی سالی 2014 چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش پەلاماری شنگالیان دا و بە هەزاران کەس کوژران و رفێندراون و نزیکەی 400 هەزار کەس ئاوارە بوون و زۆربەی ئەوان تا ئێستا لە کەمپەکانی ئاوارە لە سنووری پارێزگای دهۆک نیشتەجێن.

ئەوەی جێگەی سەرنجە ئاوارە شەنگالیەكان پێكەوە ژیان دەكەن و كارە تیرۆرستیەكانی داعش نەبووەتە ڕێگر لەبەردەمیانداو هەر بۆنەیەكی ئاینی و كۆمەڵایەتی بێتە پێشەوە هەموویان پێكەوە ئەنجامی دەدەن و وەك خەیری ئەلیاسیش گوتی (خۆشی و ناخۆشیمان پێكەوەیە).